سروە عەبدولواحید ئەندام پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی گۆڕان، هێرش دەكاتە سەر حزبەكەی و دەڵێ هیوادار بووم ئازایەتی هەبوایە سەرچاوەی داهاتی خۆی ئاشكرا بكردبا. ئەم هێرشەی سروە هاوكاتە لەگەڵ كێشەكانی نێوان شاسواری برای و بزووتنەوەی گۆڕان.
لەوەتەی دەستپێكی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق، شاسوار عەبدولواحید برای سروە، كە لیستێكی هەڵبژاردنی لە سلێمانی درووست كردووە، بە هەمان ئەو ڕیتمەی سروە، هێرش دەكاتە سەر بزوتنەوەی گۆڕان، ئەمەش وەكو بەشێك لە بانگەشەی لیستەكەی بەكاردێنێ لە دژی گۆڕان لە شارەكە.
ئەمڕۆ دووشەممە سروە عەبدولواحید پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی نووسیویەتی "هەموو حزبە سیاسییەكان قسە لەسەر نەهێشتنی گەندەڵی دەكەن، بەڵام هیچ حزبێك بوێری نیە سەرچاوەی داهاتی خۆی ئاشكرا بكات، بەحزبی بزوتنەوەی گۆڕانیشەوە، كە هیواداربووم سەركردایەتی گۆڕان ئەو بوێریەیان هەبوایە".
پێشبینی دەكرێ ئەم نووسینەی سروە، سەرەتای زنجیرەیەك هێرشی تری ناوبراو بێ، لە بەرانبەر ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان پێشتر ناردیان لە لیستێكی شیعەكانی عێراق خۆی كاندید بكات و دواتریش بەهۆی ناڕەزایی جەماوەری گۆڕانەوە، بزوتنەوەكە ناچار بوو سروە لە خۆكاندیدكردن بۆ لیستە شیعیەكەی عێراق بكێشنەوە.
لەلایەكی دیكەشەوە لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردن، شاسوار عەبدولواحید كە لیستێكی بۆ هەڵبژاردن لە سلێمانی دروست كردووە، ململانێكانی لەگەڵ گۆڕان توندتر بووە، ڕەنگە بۆ ئەم كارەش، سروە عەبدولواحیدی خوشكیشی بەكار بێنێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە