پەیامی کورد … دوای شەش مانگ کاریگەریی ڤاکسینی فایزەر بۆ 47% کەمدەبێتەوە
داتاکانی ناوەندە زانستییەکان دەریدەخەن ڤاکسینی فایزەر/بایۆنتێک دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ 47% دادەبەزێت، دوای تێپەڕینی شەش مانگ لە وەرگرتنی ژەمی دووەمی ڤاکسینەکە، لەکاتێکدا کاریگەریی ڤاکسینەکە لەسەرەتاوە 88%ە.
توێژینەوە نوێیەکان سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا لەسەر ڤایرۆسەکە و کەمکردنەوەی داخڵبوون لە نەخۆشخانەکان دەریدەخات بۆ ماوەی شەش مانگ ڤاکسینی فایزەر بەڕێژەی 90% کاریگەریی دەبێت تەنانەت بەرامبەر زنجیرەی دەلتاش.
توێژەران دەڵێن هۆکاری زۆر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بەهۆی تێپەڕینی ماوەی ڤاکسینەکەیە بە زیاتر لە شەش مانگ نەک کەمی کاریگەرییەکەی بەرامبەر ڤایرۆسەکە و زنجیرە نوێیەکانی.
داتاکان باس لەوەدەکەن کاریگەریی ڤاکسینی فایزەر لە مانگی یەکەمی وەرگرتنی هەردوو ژەمەکەیدا بەرامبەر زنجیرەی دەلتا 93%یە، لە دوای چوار مانگ دادەبەزێت بۆ 53%، بەڵام کاریگەرییەکەی بەرامبەر جۆرەکانی دیکە لەسەرەتادا 97%یە و دوای چوار مانگ دادەبەزێت بۆ 67%.
ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA)، ڕەزامەندیدا لەسەر وەرگرتنی ژەمی سێیەمی ڤاکسینەکە لەلایەن کەسانی بەتەمەن و ئەوانەی بەرگرییان کەمە و ئەو کەسانەی زیاتر مەترسیی تووشبوونیان بە ڤایرۆسەکە لەسەرە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە