فەرمانی دەستگیر کردنی ئەسیل نۆجەیفی دەرکرا

فەرمانی دەستگیر کردنی ئەسیل نۆجەیفی دەرکرا

دادگای لێكۆڵینەوەی نەینەوا تایبەت بە دۆسییەكانی دەستپاكی رۆژی یەكشەممە 18 ئادار فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ئەسیل نوجەیفی پارێزگاری پێشوی نەینەوا، دەركرد.

دەستەی دەستپاكی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، فەرمانی دەستگیركردن لە لایەن دادگای لێكۆڵینەوەی نەینەوا بۆ ئەسیل نوجێفی دەركراوە و ئەو تۆمەتانەشی روونكردووەتەوە كە خراونەتە پاڵ نوجێفی.

سەرچاوەیەك لە دەستەی دەستپاكی عێراق ئاشكرایكرد، دادگا گشتاندنی بە فەرمانی دەستگیركردنی ئەسیل نوجەیفی كردووە بۆ سەرجەم پارێزگاكان بەمەبەستی جێبەجێكردنی.

ئەو سەرچاوەیە ڕوونیشیكردووەتە، بڕیارەكە لە دوای دادبینی دادگا لە داوایەكی یاسایی كە دژ بە نوجێفی تۆمار كرابوو بە تۆمەتی واژووكردن لەسەر پێشینەیەك بە نایاسایی لە هاوینی ٢٠١٤و بەر لە كۆنتڕۆڵكردنی شاری موسڵ لە لایەن چەكدارانی داعش.

ئەم بڕیارەی دادگا دوای كەمتر لە دوو مانگ دێت لە بڕیارێك كە لە لایەن دادگای كەتنی رەسافە لە بەغدا بەبێ ئامادەبوون دژ بە نوجەیفی دەریكرد.

دادگای كەتنی رەسافە بڕیاریدابوو بە بەندكردنی ناوبراو بۆماوەی سێ ساڵ و قەدەغەكردنی گەشت و دەستبەسەرداگرتنی سامانی گواستراوە و نەگواستراوە دوای ئەوەی بە ئەنجامدانی گەندەڵی تۆمەتبار كرا.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە