كار بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هەناردەكردن دەكرێت

كار بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هەناردەكردن دەكرێت

پەیامی کورد    ...    ڕاوێژكارێكی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ڕایگەیاند : وەزارەتەكەیان لە پلانی چوار ساڵەیدا كار بۆ رێكخستنەوەی هاوردە و هەناردە دەكات و لەو میانەیەشدا چەند پڕۆژەیاسایەك ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیران دەكەن.

فەتحی محەمەد، راوێژكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، كە هاوكات ووتەبێژی ئەو وەزارەتەیە ڕایگەیاند : "لە ئێستادا كار لەسەر داڕشتنەوەی " 7 " پڕۆژەیاسا دەكەین بۆ رێكخستنەوەی كەرتی بازرگانی و پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان، لە ماوەیەكی نزیكیشدا پڕۆژەیاساكان ڕادەستی ئەنجوومەنی وەزیران دەكەین بۆ ئەوەی ئەوانیش بیدەن بە پەرلەمان".

بە ووتەی راوێژكارەكەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، ئاستی هاوردەی كوردستان زۆرە و ئەمەش زیان بە ئابووری هەرێم دەگەینێت، دەشڵێ: "ئێستا ئێمە لە رێگای پڕۆژەیاسایەك دەمانەوێت باڵانسێك لە نێوان هاوردە و هەناردەكردندا دروست بكەین و كار بۆ زیاتركردنی هەناردەی بەرهەمەكانی كوردستان بكەین بۆ دەرەوە، لە هەمان كاتیشدا سنوورێك بۆ هاوردەكردن دابنێین".

ناوبراو راشیگەیاند: "لە رێگای ئەو پڕۆژەیاسایانەی كە بە ئەنجوومەنی وەزیرانی دەدەین، بەرهەمی ناوخۆیی پارێزراو دەبێت و پەرەی پێ دەدرێت لە سەرجەم سێكتەرەكاندا، كە ئەمەش هەلی كار بۆ چەندین هەزار كەس دابین دەكات و پارەی كوردستانیش ناچێتە دەرەوە، بۆیە بەم شێوەیە ئابووری كوردستان بەهێز دەبێت".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە