پەیامی کورد ... هاوشێوەی ساڵانی پێشوو، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداری لە كۆنفڕانسی میونشن بۆ ئاسایشی جیهان دەكات و بڕیارە سبەی سەردانی ئەڵمانیا بكات، كە ٥٠٠ سەركردەی ووڵاتان تێیدا بەشدار دەبن. چاودێرێكی سیاسیش دەڵێ، بەشداریكردنی هەرێمی كوردستان لەو كۆنفڕانسەدا، گرینگی و بایەخی زۆری هەیە، چوونكە هەرێمی كوردستان یەكێك دەبێت لە داڕێژەرانی پلانی سەقامگیریی جیهان و دەنگی كورد لە هەموو پارچەكان بە جیهان دەگەیەنرێت.
مامۆستایەکی زانکۆ لە بەشی زانستە سیاسییەكان و چاودێری سیاسی، د. ساڵح مەلا عومەر ڕایگەیاند : بانگهێشتكردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ كۆنفڕانسی ساڵانەی میونشن، گرینگییەكی زۆری هەیە، چوونكە گفتوگۆ دەكرێت بۆ ئەوەی سەقامگیری لە جیهاندا بێتە كایەوە و پلان دادەنرێت چۆن سەقامگیری درووست ببێت، ئەمەش نیشانی دەدات كە كەسایەتیی سەرۆكی هەرێم كاریگەری دەبێت لەسەر دانانی ئەو بەرنامە و پلانە بۆ سەقامگیری، نەك تەنها لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق، بەڵكوو لەسەر ئاستی جیهان كە وڵاتانی زلهێز بەشدارن كە چۆن پلان دابڕێژن بۆ سەقامگیری، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە، هەرێمی كوردستان وەكوو یاریكەرێكی سەرەكی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رۆڵی لە سەقامگیری ئاسایشی جیهانیدا دەبێت.
مەلا عومەر گوتیشی، دوای داعشیش هەرێمی كوردستان یەكێك دەبێت لەوانەی پلان بۆ سەقامگیری جیهانی دادەڕێژێت، ئەمەش دەرفەتێكی گرینگە بۆ هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی پەیوەندیشی لەگەڵ وڵاتان باشتر بێت و دیدار لەگەڵ سەركردەكان لە نێوان سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی ووڵاتان ساز بكرێت، وەكوو چۆن لە كۆنفرانسی داڤۆس ئەنجام درا.
ئەو مامۆستایەی زانستە سیاسییەكان باسی لەوەش كرد، بەشداربوونی سەرۆكی هەرێم لەو كۆنفڕانسەدا، وا دەكات بەرگری نەك تەنها لە مافی كورد لە هەرێمی كوردستان بكات، بەڵكوو لە هەر شوێنێك كورد هەبێت بەرگری لێ دەكات، بۆیە سەرۆكی هەرێم دەبێتە دەنگی گەلی كورد تا ووڵاتان بزانن كورد سەركوت كراوە و پێویستە مافەكانیان بدرێت، چوونكە كورد سەلماندوویەتی كە هەمیشە فاكتەرێك بووە بۆ سەقامگیری.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە