بەهۆی شەڕ و پێکدادانی خۆپیشاندەرە فەڵەستینییەکانی کەرتی غەزە لەگەڵ هێزەکانی ئیسرائیل، زیاتر لە (٥٥) کەس گیانیان لەدەستداو هەزاران دیکەش برینداربوون.
لەگەڵ کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە قودس، خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی دەیان هەزار فەڵەستینی لە کەرتی غەزە دەستیپێکردووە.
ئاژانسەکانی هەواڵیش لەزاری بەرپرسانی فەڵەستینەوە بڵاویانکردووەتەوە، بەهۆی شەڕ و پێکدادانی نێوان خۆپیشاندەرانی فەڵەستینی و هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا لانیکەم (٥٥) فەڵەستینی گیانیان لەدەستداوە و (٢٧٠٠)ی دیکەش برینداربوون.
ئاماژە بەوەشکراوە، کە پاش سەرهەڵدانی خۆپیشاندانە هاووڵاتیانی ناڕازی فەڵەستین لە سنوری کەرتی غەزە کە نزیکەی مانگ و نیوێک لەمەوبەر دەستیپێکردووە، تائێستا نزیکەی (١٠٠) فەڵەستینی بەدەستی هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل کوژراون.
ئەوەش لەکاتێکدایە دوێنێ (١٤)ی ئایار، ئەمریکا بە فەرمی باڵیۆزخانەی خۆی لە شاری قودس لە ئیسرائیل کردەوە و شاندێکی باڵای ئەمریکا لە نێویاندا ئیڤانکا ترەمپ کچی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و جێرید کوشنەری هاوسەری بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی باڵیۆزخانەکەدا کرد.
جێی ئاماژەیە، باڵیۆزخانەکەی ئەمریکا لە قودس بە شێوەیەکی کاتی لە بینای کونسوڵخانەی ئەو وڵاتەدا کرایەوە و لە قۆناغی داهاتووشدا جیادەکرێتەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە