پەیامی کورد … دوو ژینگەپارێز لە پیرانشار دەستبەسەر کران
دوو چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی پیرانشار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئەم شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٩ی کانوونی دووەم، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دوو چالاکی ژینگەپارێز خەڵکی ئەو شارەیان بە ناوەکانی ئەیووب حەدیسی و ڕەحمان خدمەتگوزار، دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستەوە.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو هاووڵاتییە لە شوێنی کاری خۆیان (بەرگدووری و کۆتاڵ فرۆشی) و بە بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کراون.
ئەم سەرچاوە کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات، لە درێژەدا ڕای گەیاند، هێزە ئەمنییەکان هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکرانی ئەیووب حەدیسی دەستیان بە سەر ئۆتۆمبێلی ناوبراودا (جۆری پراید) گرتووە.
شایانی باسە ئەیووب حەدیسی تەمەن ٣٣ ساڵ و ڕەحمان خدمەتگوزار تەمەن ٢٩ ساڵ هەر دوو ژینگەپارێز و ئەندامی ڕێکخراوی ژینگەپارێزی پیرانشار بوون.
تا کاتی نووسینەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵیان و شوێنی ڕاگیرانی ئەم دوو چالاکە ژینگەپارێزە لەبەردەستدا نییە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە