بڕیارە وایە پاشەکەوتی مووچە نەمێنێت

بڕیارە وایە پاشەکەوتی مووچە نەمێنێت

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد کە ئەگەر یاسای چاکسازی لە مووچە و خانەنشینی دەربکرێت، ئەوا دوای ماوەیەکی دیکە، پاشەکەوتی مووچە نامێنێت، بەڵام یاساکە ”کەوتووەتە بەر موزایەدەی سیاسی و بانگەشەی هەڵبژاردنەوە“.

جەعفەر ئێمنکی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە میدیاکانی ڕاگەیاند، دانیشتنێکی ئاسایی پەرلەمان تایبەت بە گفتوگۆکردن لەبارەی پڕۆژەیاسای چاکسازی لە مووچە و خانەنشینی بەڕێوە دەچێت و هیوای خواست کە لەو دانیشتنەدا بتوانن یاساکە پەسەند بکەن.

سەبارەت بە بوونی کۆدەنگییەک لەسەر دەرکردنی یاساکە، ئێمنکی ئاشکرای کرد: ”ناتوانم باسی کۆدەنگی بکەم، چوونکە پێشتریش بابەتەکە خیلافی لەسەر هەبوو، دواتر کەوتە بەر بانگەشەی هەڵبژاردن و موزایەدات کە هەمووی کاریگەری لەسەر هەبوو. ڕەنگە هەندێک هەڵەی خۆشمانی تێدا بووبێت و هەستیاریی دۆخی کوردستانی تێدا وەکوو پێویست لەبەرچاو نەگیراوە وای لێهات یاساکە دواکەوت“.

هەروەها جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی ناڕەزایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر هەندێک گۆڕانکاریی نێو یاساکە، ڕوونی کردەوە: ”پێشتر ئەوەی حکوومەت ناردوویەتی، لەبارەیەوە دانیشتنێک کرابوو و ئەم بابەتە ئەوەندە فراوان کرابوو کە خەریک بوو لە پەرلەمان یاسایەکی دیکە و نوێ گفتوگۆی لەسەر بکرێ، بەڵام دەبێ ئەسڵی یاساکە ئەوە بێت کە لە حکوومەتەوە هاتووە. پەیڕەوی پەرلەمان ڕێگە نادات لە دەرەوەی پڕۆژەی حکوومەت، گفتوگۆ لەسەر یاسایەکی لەم شێوەیە بکەین“.

ئەوەشی نەشاردەوە کە بەو ڕێکارانەی لە دوای پێداچوونەوە بە یاساکەدا دیاری دەکەن،”کاتێک دیاری دەکەین بۆ ئەوەی پاشەکەوتی مووچە نەمێنێت“. دووپاتیشی کردەوە: ”حکوومەتیش دەڵێ دەبێ پاشەکەوتی مووچە نەمێنێت و حکوومەتیش دەڵێ یاسایی نەبووە، ڕەنگە ئێمە دوای ئەوەی لە دانیشتنەکەدا باس بکرێت، کاتێک بۆ کۆتاییهێنان بە پاشەکەوت دیاری بکەین“.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە