پەیامی کورد … چەند زانیارییەک لەلایەن مەسروور بارزانییەوە لەسەر دانیشتنیئەمڕؤ نێوان تیمی پارتی لەگەڵ سەرۆک بارزانی
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان چەند زانیارییەک سەبارەت بە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان تیمی پارتی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆک بارزانی دەخاتە ڕوو.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ڕایگەیاندووە "ئەمڕۆ شەممە ١٣ـ ٣ـ ٢٠٢١ لە سەلاحەددین لەگەڵ تیمی پارتی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی سەرۆک بارزانیمان كرد".
ئاماژەی بە ئەوەش داوە "لە كۆبوونەكەدا سەرەتا كورتەیەكمان لەبارەی كار و بەرنامەكانی حكوومەت و هەنگاوەكانی پڕۆسەی چاكسازی لە بواری كەرتی نەوت و پێشمەرگە و بوارە جیاجیاكانی تر و هەنگاوەكان بۆ زیادكردنی داهاتی حكوومەت و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان ، بۆ جەنابی سەرۆک خستەڕوو. هەروەها جەختیشمان لەوە كردەوە ، كە كابينەی حكوومەتی هەرێم ، وەك تیمێكی هەماهەنگ و پتەو و بە بێ جیاوازیی نێوان لایەنە پێكهێنەرەكانی ، كاروبارەكانی خۆی بەڕێوە دەبات و هەوڵی ئەوەش دەدات ، كە بۆ دابینكردنی داهات و خزمەتكردنی خەڵك، پشت بە خۆی و تواناكانی هەرێم ببەستێت".
مەسرور بارزانی ڕوونیشیکردووەتەوە کە "لە كۆبوونەوەکەدا، جەنابی سەرۆك بارزانی لە وتەیەكدا ، بارودۆخی سیاسی و پێشهاتەكان لە ئاستی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و گرینگی یەكڕیزیی لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی کوردستانی بۆ ڕوون کردینەوە و ئامۆژگاریی پێویستیشی خستەڕوو. هەروەها دەستخۆشیشی لە هەوڵ و ماندووبوونی تیمی پارتی لە حكوومەت كرد و فەرمووی، پێویستە هەمووتان ، خۆتان بە خزمەتكاری گەلی كوردستان بزانن و دەبێ لەناو چین و توێژەكانی كۆمەڵگە و خەڵكی هەژاری وڵاتدا بن و هەموو هەوڵەكان، لەوەدا چڕ بکەنەوە، كە دەستەڵات بە دروستی و بۆ خزمەتی جەماوەر بە كار بهێندرێت".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاشکراشی کردووە کە سەرۆک بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەشی بە ئەوە داوە کە "ڕێبازی بارزانی ڕێبازی خزمەتكردنی خەڵكە و پێویستە خەڵكی كوردستان، كەرامەتی خۆی لە حكوومەتەكەی خۆیدا ببینێتەوە هەروەها پشتیوانیی خۆی بۆ حكوومەتی هەرێم دووپات كردەوە و داوای كرد حكوومەت بە پێداگری و هێزەوە لەسەر پڕۆسەی چاكسازی بەردەوام بێت و ئامادەیی خۆشی دەربڕی كە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی چاكسازی ،بە ھەموو شێوەیەک یارمەتیدەری حكوومەتی هەرێم دەبێت".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە