پەیامی کورد... جارێكی دیكە هێرشكرایەوە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا
گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق نزیک لە حەشدی شەعبی ڕایگەیاند کە بە ئاراستەکردنی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ھێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا کە بریتیین لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر، بنکەی خەراب جیر و بنکەی کۆنیکۆ.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کە لە میدیاکانی نزیک لە حەشدی شەعبی بڵاوکراوەتەوە تیایدا ئاماژەی بەوەداوە، چەکدارانی سەربە موقاوەمەی ئیسلامی، ژمارەیەک مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان ئاراستەی سێ بنکەی ئەمریکا لە عێراق و سووریا کردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە ئەو بنکانەی ئەمریکا کە لە عێراق و سووریا ھێرشیان کراوەتە سەر بریتیین لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر، بنکەی خەراب جیر و بنکەی کۆنیکۆ.
گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ڕاشیگەیاندووە کە ئەنجامدانی ھێرشەکان بۆسەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا لە وەڵامی ئەو ھێرش و بۆردومانانەیە کە سوپای ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەکەمەوە بۆسەر کەرتی غەززە ئەنجامی دەدات.
ئەوەشیان خستووەتەڕوو کە ھێرشەکانیان بۆسەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا بەردەوام دەبێت.
ڕۆژی 11ی ئەم مانگە وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا پاتریک ڕایدەر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو کە لە 17ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا، 130 ھێرش کراوەتە سەر ھێزەکانیان لە عێراق و سووریا.
پاتریک ڕایدەر ئاشکراشی کردبوو کە لەو 130 ھێرشە، 53یان بۆسەر ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و 77 ھێرشی ديكەش بۆسەر ھێزەکانی ئەمریکا لە سووریا ئەنجام دراون.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە