پەیامی کورد... بەریتانیا ڤاگنەر بە "تیرۆریست" ناودەبات
سولا برەیڤەرمان وەزیری ناوخۆی بەریتانیا ڕایگەیاند، گرووپی ڤاگنەر کە لە سەربازانی بەکرێگیراوی ڕوسی پێکهاتوون "بە ڕوونی و سادەیی، ئەمانە تیرۆریستن" و دەخرێنە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی بەریتانیاوە.
بەپێی ئەو هەواڵەی لە میدیای ناوخۆیی بەریتانیادا بڵاوکراوەتەوە، وەزیری ناوخۆی وڵاتەکە گروپی ڤاگنەری بە "ئامڕازێکی سەربازیی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا، لە دەرەوەی ڕوسیا" ناوزەند کردووە.
سولا برەیڤەرمان ڕایگەیاندووە: ''لە کاتێکدا ڕژێمی پوتین بیر لەوە دەکاتەوە چی لەگەڵ ئەو دڕندانەدا بکات کە خۆی دروستی کردووە، ڤاگنەر بەردەوامە لەسەر کردە وێرانکارییەکانی کە خزمەت بە ئامانجە سیاسییەکانی کرملین دەکات".
بوتویەتیشی: "بە ڕوونی و ئاسانی، ئەوان (ڤاگنەر) تیرۆریستن و بە فەرمانێک کە بڵاویدەکەینەوە بەریتانیا بە یاسا ئەمە بە ڕوونی ئاشکرا دەکات. ڤاگنەر تێوەگلاوە لە تالانی، ئەشکەنجە، کوشتاریی دڕەندانە. کردەکانی لە ئۆکرانیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا، هەڕەشەیە بۆ ئاسایشی جیهانی".
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە ڤاگنەر وەک نایاسایی ڕادەگەیەنن و بەردەوامیش دەبن لە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا لە بەرەنگاربوونەوەی ڕووسیادا.
چاوەڕوان دەکرێت سبەی بڕیاری کۆتایی لەبارەی ڕاگەیاندنی ڤاگنەر وەک ڕێکخراوی تیرۆریستیی بڵاوبکرێتەوە.
ئەگەر ڤاگنەر بە فەرمی وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی ڕابگەیەندرێت، ئەوا لە چوارچێوەی یاسای تیرۆری ساڵی 200 کۆمەڵە ڕێوشوێنێک دەگیرێنەبەر وەک، سزای 14 ساڵ زیندانی بۆ ئەو کەسانە دەردەکرێت کە پشتیوانی لە ڤاگنەر دەکەن، سامانەکەیان سڕ دەکرێت، یانیش دەستی بەسەردا دەگیرێت.
هەر بەو بڕیارە بەشداریکردن لە ڤاگنەر و کۆبوونەوەکانی، پشتیوانیکردنی، نوێنەرایەتی کردنی لە شوێنە کراوەکاندا، هەڵگرتنی لۆگۆ و ئاڵاکانی بە تاوان دادەنرێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە