هیومان رایتس وۆچ: رێگری لەهەلاتنی خەڵکی عەفرین دەکرێت

هیومان رایتس وۆچ: رێگری لەهەلاتنی خەڵکی عەفرین دەکرێت

بەپێی راپۆرتێکی هیومان ڕایتس وۆچ، هێزەکانی رژێمی سوریا ڕێگری لەهەڵاتنی بەشێک لە هاووڵاتییانی عەفرین دەکەن، لەو ناوچانەی کە سوپای تورکیا کردەی سەربازییان تێدا ئەنجامدەدات.

رێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ ڕاپۆرتێکی بە ناوی (ڕێگە بەهەڵاتن و گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە هاووڵاتییانی عەفرین نادرێت بڵاوكردەوەو تێیدا ئاشکرای کردووە، کە هێزەکانی حکومەتی سوریا ڕێگری لەهەڵاتنی بەشێک لەهاووڵاتییانی شاری عەفرین دەکەن لەو ناوچانەی کە تورکیا کردەی سەربازییان تێدا ئەنجامدەدات و ڕێگە نادات بچنە ئەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سوریادان.

رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کە هاووڵاتییانی عەفرین لەچەند ناوچەیەکدا گیریانخواردووە و خواردن و ئاوی خاوێن و هاوکاری پزیشکی کەمیان پێیە. 
باس لەوەشکراوە، کە رژێمی سوریا دەبێت ئاسانکاری بکات بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بەو هاووڵاتییانە.

هەر لەراپۆرتەکەدا هێما بەوشکراوە، کە گروپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی تورکیا ماڵ و موڵکی هاووڵاتییانی شاری عەفرین تاڵان و خاپوور دەکەن.
هیومان رایتس وۆچ داواشیکردووە، کە هێزەکانی سوپای تورکیا و گروپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی دەست لە تاڵانبردنی ماڵ و موڵکی هاووڵاتیان هەڵگرن و ئەو کەسانەش دەستبەسەر بکرێن کە بەرپرسیارن لەو کارانە.

ئاشکراشکراوە، کەهەزاران هاووڵاتی هەوڵیانداوە خۆیان بگەیەننە شاری حەلەب و شارۆچکەکانی نوبول و زەهرا کە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سوریادان.

رێکخراوەکە بڵاویشیکردووەتەوە، کە بەپێی یاساکانی جەنگ هەموو لایەنەکانی جەنگ دەبێت ڕێگە بە هاووڵاتییان بدەن هەڵبێن و هاوکارییە مرۆییەکان پێبگات.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە