پەیامی کورد ... بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسەكانی ئابووری لە جیهان بڵاویان كردەوە ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦ی ٦ی ٢٠١٩ بەپێی ئامارەكانی پیشەسازی و بەرهەمهێنانی نەوت، نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهاندا گەیشتە بەرزترین ئاستی لە ماوەی مانگی رابردودا، كە ناكۆكیەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و ئێران یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكان.
بەپێی ئامارەكانی پیشەسازی و بەرهەمهێنانی نەوت، ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهاندا بە رێژەی لەسەدا یەك بەرزبوەتەوە، ئەو رێژەیەش لە ماوەی مانگی رابردودا بە بەرزترین رێژەی نرخی ئەو بەرهەمە هەژمار دەكرێت.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ، بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ نرخی نەوتی خاوی برێنت بەڕێژەی لەسەدا ١.٣ بەرزبووەتەوە و نرخی یەك بەرمیل لەو بەرهەمە كردویەتیە ٦٥.٩١ دۆلار لە كۆتا مامەڵەدا، لەكاتێكدا رێكەوتی ٣١ی ئایار-ی ئەمساڵ كۆتا مامەڵەی نرخی ئەو بەرهەمە گەیشتە ٦٦ دۆلار بۆ یەك بەرمیل.
هاوكات نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی تەکساسی رۆژئاوای ئەمریکا بەڕێژەی لەسەدا ١.٨ بەرزبوەتەوە و نرخی یەك بەرمیل كردویەتیە ٥٨.٩٨ دۆلار، لەكاتێكدا پێش كۆتا مامەڵەی، نرخی ئەو بەرهەمە گەیشتوەتە ٥٩.٠٣ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، ئەوەش لە مانگی رابردوەوە تا ئێستا بە بەرزترین نرخ هەژماردەكرێت.
دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و ناكۆكیەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و ئێران، هۆكارێكی سەرەكین كە كاریگەریەكای بەرچاویان لە هەلكشان و داكشانی نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهاندا هەیە.
دوای ئەوەی لە ماوەی رابردودا فرۆكەیەكی بێفرۆكەوانی ئەمریكا لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە لە باشووری گەروی هورمز خرایە خوارەوە، گرژی و ئاڵۆزییەكان لەنێوان هەردو ووڵاتدا زیاتربوو، بووە هۆی ئەوەی نرخی نەوت بە شێوەیەكی بەرچاو بەرزبێتەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە