هەر دوو وەزیری دەرەوەی سعوودیە و ئێران لە عێراق کۆ دەبنەوە

هەر دوو وەزیری دەرەوەی سعوودیە و ئێران لە عێراق کۆ دەبنەوە

پەیامی کورد... هەر دوو وەزیری دەرەوەی سعوودیە و ئێران لە عێراق کۆ دەبنەوە

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو نێوەندگیرییەی لەنێوان هەر دوو وڵاتی سعوودیە و ئێران کردوویانە، لە ماوەی ڕابردوودا پێنج کۆبوونەوەی نهێنی لەنێوان بەرپرسانی هەواڵگری و دامودەزگە ئەمنییەکانی هەر دوو وڵات لە عێراق کراوە. بڕیاریشە ئەمجارە بە شێوەیەکی ئاشکرا هەر دوو وەزیری دەرەوەی سعوودیە و ئێران لە عێراق کۆ دەبنەوە.

ئەمڕۆ شەممە ٢٣ی ٧ی ٢٠٢٢، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە ڕووداوی ڕاگەیاند، "تاوەکوو ئێستا ٥ جار کۆبوونەوە هەبووە لەنێوان سعوودیە و ئێران، کۆبوونەوەکانیش لەسەر ئاستی هەواڵگری و دامودەزگە ئەمنییەکان بووە و بە نهێنی بوون."

ڕۆژی ١٦-٠٧-٢٠٢٢ لووتکەی جەددە بۆ ئاسایش و پەرەپێدان لە سعوودیە بەڕێوەچوو. سەرۆک و سەرکردەی وڵاتانی کەنداو و سەرۆکی ئەمریکا بەشدارییان تێدا کرد. شاندی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی و ئەندامیەتی د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە سعوودیە بوون.

د. فوئاد حوسێن دەربارەی سەردانەکەیان بە یاوەری مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران، بۆ لووتکەی جەددە بۆ ئاسایش و پەرەپێدان کە لە سعوودیە بەرێوەچوو دەڵێت، "لەو سەردانەمان بۆ سعوودیە لەگەڵ جێنشین محەممەد بن سەلمان دانیشتمان هەبوو، ئەو خۆی وتی میوانداری وەزیری دەرەوەی سعوودیە بکەن لەگەڵ ئێران لە بەغدا، منیش بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندیم بە وەزیری دەرەوەی ئێران کرد."

سەبارەت بە کاتی کۆبوونەوەکە ئاشکرایکرد، "ئێستا زۆر سەرقاڵین هەوڵ دەدەین کاتێک بدۆزینەوە بانگهێشتی وەزیری دەرەوەی سعوودیە و وەزیری دەرەوەی ئێران بکەین و بە ئاشکرا کۆ دە بنەوە، چونکە کۆبوونەوەکانی دیکە بە نهێنی بوون، ئێستا بە ئاشکرا لەنێوان هەر دوو وەزیری دەرەوە دەکرێت."

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە