برینداربوونی سێ کۆڵبەری مێرمنداڵ لە سنووری بانە

برینداربوونی سێ کۆڵبەری مێرمنداڵ لە سنووری بانە

پەیامی کورد... برینداربوونی سێ کۆڵبەری مێرمنداڵ لە سنووری بانە


سەرکەوت عەباسی، تەمەن ١٦ ساڵ و دانا (ناوبانگ نادیار) تەمەن ١٧ ساڵ، دوو کۆڵبەری خەڵکی شاری سەقز و شاخەوان فەیزی، کۆڵبەری تەمەن ١٩ ساڵی خەڵکی دیواندەرە لە سنووری شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بە سەختی بریندارکران.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ٢٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (١٧ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣(، سەرکەوت عەباسی و کۆڵبەرێکی دیکە بەناوی دانا، دوو کۆڵبەری تەمەن ژێر هەژدە ساڵی خەڵکی شاری سەقز بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بریندارکران.

هاوکات کۆڵبەرێکی خەڵکی دیواندەرە بەناوی شاخەوان فەیزی تەمەن ١٩ ساڵ هەر لەو سنوورە بە دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندارکرا.

ئەو سێ کۆڵبەرە دوای برینداربوون بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە، بەمەبەستی چارەسەری و پێڕاگەیشتنی پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراونەتەوە.

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ١٦ ڕۆژی پێشوودا (لە دوای سەفەری ئیبراهیم ڕەئیسی بۆ بانە) لانی کەم ٣ کۆڵبەر لە سنوورەکانی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی سنووری کوژراون و بە هەژمارکردنی ئەو حاڵەتانەی لەم دوایییەدا ڕوویداوە، لانی کەم ٤٦ کۆلبەریش بریندارکراون.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە