بریکاری وەزیری پێشمەرگە: یەپەگە هێرشیکردوەتەسەر خاڵێکی پشکنینی پێشمەرگە

بریکاری وەزیری پێشمەرگە: یەپەگە هێرشیکردوەتەسەر خاڵێکی پشکنینی پێشمەرگە

پەیامی کورد ... بریکاری وەزیری پێشمەرگە: یەپەگە هێرشیکردوەتەسەر خاڵێکی پشکنینی پێشمەرگە

 

بریکاری وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، شەوی رابردوو ژمارەیەک ئەندامی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لەسنوری سحێلا ویستویانە سنوری سوریا تێپەڕێنن، بەڵام لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگە رێگریان لێکراوە و بەوهۆیەش گرژی و ئاڵۆزی دروستبووە.

 

سەربەست لەزگین، بریکاری وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا باسی لەوەشکرد، نازانن ئامانج لەو هەوڵەی شەوی رابردووی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) چی بووە، بەڵام هەردوولا لەچەندین بواردا هەماهەنگی و هاوکارییان هەبووە و ئەو هێزە ئەگەر خواستی هاتنیان هەبوایە بۆ ناو هەرێمی کوردستان، پێویست بوو بەشێوازی فەرمی داوای بکەن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، داوا لەهێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش دەکەن رۆڵیان هەبێت لە سنوردارکردنی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و رێگەنەدەن بەپاساوی جۆراوجۆر سنورەکانی خۆیان تێپەڕینن، هەروەها داوا دەکەن "یەپەگە بەهیچ شێوەیەک لەژێر کاریگەری پەکەکەدا سیاسەت و کاردانەوە نەکات".

 

بریکاری وەزیری پێشمەرگە ئەوەشی خستەڕو، رودانی گرژیی لە نێوان هێزێکی پەکەکە و هێزەکانی پێشمەرگە لەشەوی 13ی ئەم مانگەی ئامێدی هۆکارەکەی ئەوە بووە "ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی پەکەکە ویستویانە بەبێ پرس و پشکنین بەناو خاڵێکی پێشمەرگەدا تێپەڕن، بەوهۆیەش لەهەردولاوە تەقەکراوە و پێشمەرگەیەکی ئێمە شەهید بووە".

 

باسی لەوەشکرد، ماوەی چەندین ساڵە سەدان گوندی هەرێمی کوردستان بەهۆی بوونی پەکەکە، خەڵکەکەی ئاوارە بوون و ناتوانن بگەڕێننەوە.

 

لەسەر ئەو بابەتەش 14ی ئەم مانگە هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "13ی ئەم مانگە، کاتژمێر 10:00ی پێشنیوه‌ڕۆی لەنزیک گوندی رەشانکێ لە شارەدێی زاویتەی سەربە دهۆک، هێزە تایبەتەکانی پارتی، ئۆتۆمبێلێکیان راگرت کە هەڤاڵانی ئێمە و ئەندامی ڕێکخستنێکی دۆستمانی تێدابون، هێزەکانی پارتی کە بینییان گەریلا لەناو ئۆتۆمێلەکەدایە، بە قورسی دەستڕێژی گولـلەیان لە ئۆتۆمبێلەکە کردوە".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە