سێنتکۆم: 569 تۆن هاوکاریی مرۆيی لە رێگەی بەندەرە کاتييەکانەوە گەيشتووەتە غەززە

سێنتکۆم: 569 تۆن هاوکاریی مرۆيی لە رێگەی بەندەرە کاتييەکانەوە گەيشتووەتە غەززە

فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمريکا 'سێنتکۆم' رايگەياند، تاوەکو ئێستا زیاتر له 569 تۆن هاوکاری مرۆیی له رێگەی بەندەرە کاتييەکانەوە گەيشتووەتە غەززە.

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا، بەریتانیا، ئیمارات، یەکێتیی ئەوروپا و چەندین هاوبەشی دیکە ئەم هاوکارییەیان بەخشیوە، بەڵام بەهۆی رێگرييەکانی ئيسرائيلەوە کەمترين بڕی هاوکاریی بەريتانيا گەيشتووەتە ناوچەکە.

ئیدەم وسورنۆ، بەرپرسی هەوڵە فریاگوزارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوەکرد، پێداویستی و سووتەمەنی پێویست نییە بۆ ئەوەی بەشێوەيەکی گونجاو پشتيوانیی خەڵکی غەززەی پێبکەين، کە بەرگەی هێرشی سەربازیی ئیسرائیل بۆ سەر بزووتنەوەی حەماس دەگرن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێمە چیتر وشەمان نییە بۆ وەسفکردنی ئەوەی لە غەززە روودەدات، ئێمە وەک کارەساتێک ياخود دۆزەخێک لەسەر زەوی وەسفی دەکەين، تەنانەت لەوەش خراپترە".

وێسۆرنۆ بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی راگەیاندووە، داخستنی دەروازەی رەفەح گەیاندنی لانیکەم 82 هەزار تۆن پێداویستییی وەستاندووە، هاوکات بەهۆی بارودۆخی لۆجستیکی سەخت و رێکارە ئاڵۆزەکانی هەماهەنگی رێگەی گەیشتن بە دەروازەی کەرەم شالۆمی ئیسرائیل سنووردار بووە.

رۆژی دووشەممە سامح شوکری، وەزیری دەرەوەی میسر رايگەياند، راگرتنی هاتنەناوەوەی هاوکاری لە رێگەی دەروازەی رەفەحەوە لەنێوان میسر و کەرتی غەززە، پەیوەستە بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانەوە کە هەڕەشە لە کاری مرۆیی لە ناوچەکە دەکەن.

گەیشتنی یارمەتییەکان بۆ باشووری غەززە لە دوای چڕکردنەوەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە رەفەح پەکی کەوتووە، ئەمەش هەنگاوێکە کە نەتەوە یەکگرتووەکان رايگەياندووە بەهۆيەوە لە ماوەی دوو هەفتەدا 900 هەزار کەسی ناچارکردووە ئاوارەبن.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە