پەیامی کورد... ٥٢ هەزار دەستبەسەرکراو لە گرتووخانەکانی چاکسازی عێراق ڕاگیراون
وەزارەتی کاری عێراق ئاماری زیندانیکراوانی نێو گرتووخانەکانی چاکسازی ئاشکرا دەکات و دەڵێت، ٥٢ هەزار زیندانین.
زیاد تەمیمی بریکاری پێشکەوتووی وەزارەتی کاری عێراق ڕایگەیاند، لە گرتووخانەکانی چاکسازیدا ٥٢ هەزار زیندانیکراو هەن، دابەشکراون بەسەر ٢١ گرتووخانەی چاکسازیدا کە لە پارێزگاکاندان.
تەمیمی لێدوانی بۆ ڕۆژنامەی «سەباح» ی زمانحاڵی حکومەت داوە و ڕایگەیاندووە، وەزارەتی کار پلانی هەیە چوار گرتووخانەی چاکسازی دروستبکات کە سیانیان لە خان بەنی سەعد لە دیالە، نەجەف و واست دەبن و توانای لەخۆگرتنی ١٠٠٠ - ١٥٠٠ زیندانیکراویان دەبێت.
گرتووخانەی چاکسازیی چوارەمیش لە پارێزگای بابل دەبێت و پێنج بۆ شەش هەزار زیندانی لە خۆ دەگرێت، لە گرتووخانەکانی تریشدا کە ژمارەیان ٢١ گرتووخانەیە و بەسەر پارێزگاکاندا دابەشکراون، هۆڵی زیاتر بناددەنرێن و گرتووخانەکان فراوان دەکرێن بۆ ئەوەی پاڵەپەستۆی نێو هۆڵەکان کەم ببێتەوە، وەک بریکاری پێشکەوتووی وەزارەتی کاری عێراق دەڵێت.
ئەو ٥٢ هەزار زیندانیکراوەی زیاد تەمیمی باسی کردوون، تەنیا ئەوانەن کە لە چاکسازییەکاندا هەن و زیندانییانی تر ناگرێتەوە کە بە تۆمەتی تیرۆر لە گرتووخانەکاندان.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە