پەیامی کورد … لە خۆپیشاندانەکانی خوزستان ٣ کەسی دیکە کوژران
لەمیانەی شەشەمین شەوی ناڕەزاییەکانی خوزستان بەرامبەر بێئاوی، لانیکەم سێ هاوڵاتی بەتەقەی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی کوژران و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون.
شەوی ڕابردوو ٢٠ی تەمووزی ٢٠٢١، سەرچاوەکان لە شاری "ئیزە"وە ئاشکرایانکرد، کە "هادی بەهمەنی" و "محەمەد عەبدوڵلاهی" بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون.
هەر بەپێی ئەو سەرچاوانە، هاوڵاتییەکی دیکەش بەناوی "فەرشید کازمی" لەو ناڕەزاییانەدا، لەئەنجامی دەستڕێژی گولـلەی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلایدا کوژراوە.
لەلایەکی دیکەوە باس لەوە دەکرێت، کە ژمارەیەکی زۆری ناڕازییان کراونەتە ئامانجی گولـلەی هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی و برینداربوون.
هەروەها چەندین ڤیدیۆی گردبوونەوە و خۆپیشاندانی هاوڵاتیان لە ئەهواز، دارخوین، کۆت شێخ، ئیزە و دزفول بۆ ئێرانواتیەر نێردراوە. لە هەمووی ئەو ڤیدیۆیانەدا دەنگی تەقە و دەستڕێژیی گولـلەی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی دەبیسترێت.
هەر لەو ڤیدیۆیانەدا دەردەکەوێت، کە ناڕازییان لە شاری ئابادان پردی "سلیچ"یان گرتووە. ئەو پردە لەنزیکی "وێستگەی حەوت"ە و پردی سەرەکی شارەکە ئەژماردەکرێت.
لە خۆرەمشەهریش لەنێوان ناڕازییان بەدەستی بەتاڵ و هێزە ئەمنییەکان بە چەکەوە تێکهەڵچوون هاتووەتە ئاراوە.
سەرچاوکان هەروەها باس لە ڕيشبگیریی ناڕازییان دەکەن لە شارە جیاجیاکانی پارێزگای خوزستان.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە