پەیامی کورد... قەتەرو ئیمارات باڵیۆزخانەكانیان دەكەنەوە
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕایگەیاند، باڵیۆزخانەكانی قەتەرو ئیمارات لە وڵاتانی یەكتر دووبارە دەستیان بە كارەكانیان كردۆتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی دوو وڵاتەكەی كەنداو ڕێككەوتن لەسەر دووبارە دەستپێكردنەوەی پەیوەندییە دیبلۆماتییەكانی نێوانیان.
ئاشتبوونەوەی قەتەرو ئیمارات لە نێوەندی هەوڵێكی بەرفراواندایە لە ناوچەكەدا بۆ ئاشتبوونەوەی وڵاتانی ڕكابەری ناوچەكە، زیاتر لە دوو ساڵ لەمەوبەر وڵاتانی كەنداو كۆتاییان بە بایكۆتكردنی قەتەر هێنا كە وڵاتانی ناوچەكەی دابەش كردبوو.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، وەزیرانی دەرەوەی دوو وڵاتەكە (شێخ موحەمەد بن عەبدولڕەحمان ئەل پانی) و (شێخ عەبدولڵا بن زاید) پەیوەندییەكی تەلەفۆنیان ئەنجامداوە لە كاتێكدا كە ڕۆژی دووشەممە دوو باڵیۆزخانەكە دووبارە كراونەتەوە.
قەتەرو ئیمارات ماوەی چەندین ساڵە ناكۆكییان هەیە سەبارەت بە دەسەڵاتەكانیان لە ناوچەكەدا، هەروەها ڕۆڵی ئیسلام لە سیاسەت و پشتیوانییەكان لە بزووتنەوە دیموكراسییەكان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
لە ساڵی (2017) دا سعودیەو ئیمارات و بەحرەین و میسر سەرجەم پەیوەندییەكانیان لەگەڵ قەتەردا پچڕاند، ئەوەش بەهۆی ئەوەی گوایە قەتەر پشتیوانی لە تیرۆر كردووەو نیشانەیەكە لەسەر ئیسلامی سیاسی و پەیوەندی نزیكی لەگەڵ ئێراندا دامەزراندووە. دەوحە ئەو تۆمەتانەی ڕەت كردەوە.
لە ساڵی (2021) دا سعودیەو میسر یەكەمین وڵات بوون سەرەتا باڵیۆزخانەكانیان لە دەوحە كردەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ڕێككەوتنێك بە سەرپەرشتی سعودیە بووە هۆی كۆتاییهێنان بە ناكۆكییەكان، بەڵام تاوەكو ئێستا بەحرەین باڵیۆزخانەكەی لە دەوحە نەكردۆتەوە.
ئاشتبوونەوەی دوو وڵاتەكە لە كاتێكیشدایە كە سعودیەو ئێران پەیوەندییەكانی نێوانیان ئاسایی كردەوە، دوای چەندین ساڵ لە دوژمنایەتی، كە هەڕەشەی لەسەر جێگیری كەنداو دروست كردبوو هەروەها جەنگەكەی ناو یەمەنیشی گەرمتر كردبوو.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە