داعش جموجۆڵەکانی لە سنووری کەرکووک زیاد کردووە

داعش جموجۆڵەکانی لە سنووری کەرکووک زیاد کردووە

بەرپرسێكی پێشووی ئەمنیی شاری كەركووك وای مەزەندە دەكات نزیكەی 2000 چەكداری داعش لە سنووری پارێزگای كەركووك مابن و دەڵێت رۆژانە مەشق و راهێنان دەكەن، هەر كاتێك بیانەوێ‌ دەتوانن لەنێو كەركووك چالاكی بكەن، چونكە هیچ رێگرێكیان لەبەردەمدا نییە.
سێ‌ مانگ پێش ئێستا، حەیدەر عەبادی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، سەركەوتنی تەواوی بەسەر چەكدارانی داعشدا ڕاگەیاند كە بۆ ماوەی سێ‌ ساڵ، سێ‌ پارێزگا و چەندین شار و شارۆچكەیان لەژێر كۆنترۆڵدا بوو، بەڵام تاوەكو ئێستاش بە سەتان چەكداری داعش لە دەوروبەری شار و شارۆچكەكان تەراتێن دەكەن. گوتەبێژی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا نایشارێتەوە كە تاوەكو ئێستاش داعش شانەی نووستووی لەنێو شارەكاندا هەیە.
عەمید سەرحەد قادر كە تا پێش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی پارێزگای كەركووك بوو و ئێستا كەسێكی دیكە لە شوێنەكەی دانراوە، لەبارەی جموجۆڵی چەكدارانی داعش لە سنووری پارێزگای كەركووك گوتی: “جموجۆڵی داعش لە سنووری داقووق لە نزیك گوندی زەرگە و ناحیەی رەشاد زیادبوون. شەوانە دەچنە نێو خەڵك و بە رۆژیش دەچنەوە پەناگەكانیان. لە چەند شەوی رابردووشدا لە گوندەكانی ئەلبومحەممەد و غێدە هێرشیان كردووەتە سەر هێزە عێراقییەكان. لە نزیك ناحیەی رەشاد تاوەكو چیای حەمرین و وادی خەنازیر زیاتر لە 20 چەكداری حەشدی توركمانیان كوشتووە و لە ناحیەكانی عەباسی و زابیش دەبینرێن و شەوانە هێرش دەكەن”.
بە گوتەی سەرحەد قادر، لە سنووری ناحیەی ریاز و گوندەكانی مەدینە و خەربەت عەزیز داعش هەیە و لە هێرشێكدا عەقید فازڵ، بەڕێوەبەری بنكەی پۆلیس و كوڕێكی و چەند پاسەوانێكیشیان كوشتووە.
هەر لەوبارەوە عەقید كاوە مەلا پەروێز، بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی دووز كە ئێستا بەرپرسی بنكەیەكی پۆلیسی كەركووكە، گوتی: “لە سنووری ناحیەی ڕەشاد، حەویجە و ڕیاز، ژمارەیەكی زۆر چەكداری داعش هەن، هەروەها لە چەمەكانی رۆدخانە و كۆدەرە بە ئاشكرا دەبینرێن، بەڵام وەكو خاك هیچیان بەدەستەوە نییە و تەنیا كردەی كوشتن و تەقینەوە دژی هێزە عێراقییەكان و حەشدی شەعبی دەكەن، شەوانەش دەچنە نێو گوندەكان بۆ كۆكردنەوەی خواردن و خواردنەوە”.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە