"دەبوایە سەرکردەکانی تریش وەکو نێچیرڤان بارزانی، ئیدانەی ناوزڕاندنی ژنانیان بکردایە"

"دەبوایە سەرکردەکانی تریش وەکو نێچیرڤان بارزانی، ئیدانەی ناوزڕاندنی ژنانیان بکردایە"

لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەمجارەدا، حزبەکان بۆ شکاندنی یەکتر. پەنا دەبەنە بەر بڵاوکردنەوەی وێنەو گرتە ڤیدیۆی ژنانی کاندید. چالاکوانان، ئەوە بە سوکایەتی و رێگرتن لە بەشداری ژنان لە کایەی سیاسی دەزانن.

دوای بڵاوبوونەوەی ئەم گرتانە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە دوو وتاردا، ئیدانەی ئەم کارەی کرد و گوتی "زۆر بەداخەوە شکاندنی ژنان و هەوڵی ناوزڕاندنیان. بۆتە شیوازێکی دیکەی ناشیرین لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، کە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئاکار و داب و نەریتی کۆمەڵگەی کوردی ناگونجێت. ئێمە بە تەواوی سەرزەنشتی ئەم رەفتارە دەکەین”.

جگە نێچیرڤان بارزانی، تائێستا لە ئاستی باڵای حزبەکاندا، هیچ سەرکردەیەک بەم جۆرە. ئیدانەی ئەم کارەی نەکردووە و میدیاکانیش بە جددی کاریان لەسەر نەکردووە.

دکتۆر ڤیان سلێمان، سەرۆکی رێکخراوی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، سەبارەت بە هەوڵی ناوزڕاندنی ژنان، لە بانگەشەی هەڵبژاردندا رایگەیاند "بەداخەوە لەم هەڵمەتی هەڵبژاردنەدا، ئافرەت وەکو چەکێک بۆ شکاندن و منافەسەی سیاسی بەکاردەهێنرێت. پێویستە رەخنە و رکابەرییەکان لەسەر بنەمای کاربێت. نەک جەستەی ژنان بکەنە ئامرازی رکابەری سیاسی، ئەوە شکاندنی شکۆی ژنە وەکو مرۆڤێک”.

سەرۆکی رێکخراوی یەکێتی ئافرەتان راشیگەیاند "لەبەرئەوەی لە رابردوودا ئەم کارانە کراون و کەسەکان بە سزای یاسایی نەگەێشتوون، ئێستا زیاتر پەرەی سەندووە. ئەمەش بەشێکی لەبەرئەوەیە، کە ئەو گرتە و- وێنانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ناونیشان و ئەکاونتی ساختە بڵاودەکرێنەوە بەشێکیش بۆ خراپی یاساکەیە، کە جگە لە کەسی تاوان لێکراو کەسی تر ناتوانێ سکاڵای یاسایی، لەسەر ئەم بابەتە تۆماربکات”.

ڤیان سلێمان دەشڵێت "دەبوایە سەرکردەکانی تریش وەکو نێچیرڤان بارزانی، ئیدانەی ئەم کارەیان بکردایە، چونکە کاریگەری هەیە. کەسایەتی نێچیرڤان بارزانی، بە جۆرێکە، کە باوەڕی تەواوی بە یەکسانی ژن و پیاو-و، دادپەروەری کۆمەڵایەتی هەیە.  لەسەردەمی سەرۆکایەتی ئەو، سیاسەتی یەکسانی دارێژرا، هەروەها بەڕیوەبەرایەتییەکانی بەدواداچوونی توندووتیژی دامەزران. یاسای باری کەسێتی هەموار کرایەوە، ئەوەش نیشانەی باوەڕی ئەوە بە یەکسانی جێندەری”.

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە