دیندار زێباری لەبارەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە: نزیکەی ٣٠ کۆمپانیا دراونەتە دادگا

دیندار زێباری لەبارەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە: نزیکەی ٣٠ کۆمپانیا دراونەتە دادگا

پەیامی کورد... دیندار زێباری لەبارەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە: نزیکەی ٣٠ کۆمپانیا دراونەتە دادگا

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ وەڵامی بەشێک لە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای دایەوە کە لە بەشێکیدا باس لە بازرگانیکردن بە مرۆڤ دەکات، جەختی کردەوە، یاسای تایبەت بەو تاوانەیان هەیە و لێکۆڵینەوەیان لە ٣٤٠ کۆمپانیا کردووە.

دیندار زێباری لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، یاسای هەیە و لە ساڵی ٢٠١٨وە بەرکارە، هەروەها نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تاوان هەیە کە کاری ڕێگریکردنە لە سپیکردنەوەی پارە، بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر کە بەشێکی سەرەکیین لە بازرگانیکردن بە مرۆڤ.

بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانە کە دوایین ئاماری ساڵی ٢٠٢١ بڵاوکراوەتەوە و دیندار زێباری خستییە ڕوو، بەهۆی تێوەگلان لە تاوانەکانی پەیوەست بە بازرگانیکردن بە مرۆڤ ٣٤٠ کۆمپانیا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە، ٢٩ کۆمپانیاش بەو تۆمەتە ڕەوانەی دادگا کراون.

هەروەها ٢٨ کەسی بیانیش کە بە هۆی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە هێنرابوونە هەرێمی کوردستان ڕەوانەی وڵاتەکانی خۆیان کراونەتەوە، هەروەها ٦٤٢ پارێزەر کە نوێنەرایەتیی ئەو دۆسیە تاوانکارییانەیان دەکرد لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە.

سەبارەت بە ئەشکەنجەدانی گیراوەکان، دیندار زێباری ڕێکخەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ژمارەیەک لە ئەفسەر و کارمەندانی جێبەجێکردنی یاسا لەسەر ئەشکەنجەدان و مامەڵەی نەشیاو لەگەڵ گیراوەکان سزادراون و دراونەتە دادگا.

سەبارەت بە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان و بەتایبەت دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووس «ئەیووب عەلی وەرتێ» کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەستگیر کرا، دیندار زێباری ڕایگەیاند، دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان بەپێی یاسا بووە و ئەوە ڕۆژنامەنووسە دوو جار ئاگادارکردنەوەی هەبووە، نەهاتووە بەدەم داواکەیەوە، بۆیە دەستگیرکراوە، ئەوەش بەپێی یاسا بۆ هەموو کەسێک وایە هەر کەسێک دوو جار ئاگادار بکرێتەوە و نەچێت بەدەم داواکەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەردەچێت.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە