پەیامی کورد … دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان: ئەو کەسەی بەرازەکەی کوشتووە دەستگیردەکرێ
داوای ئەوەی لە دۆڵی خەلەکان سەر بە سلێمانی، بەرازێک خۆی کرد بەناو چەند خێزانێکدا و هاوڵاتیەک بە فیشەک بەرازەکەی کوشت، وتەبێژی دەستەی پاراستن و ژینگەی هەرێم رایگەیاند، "ئەو کەسەی بەرازەکەی کوشتووە دەستگیردەکرێت."
ئەحمەد محەمەد وتەبێژی دەستەی پاراستن و ژینگەی هەرێم رایگەیاندوە، "ئەوەی ئەمڕۆ لە دۆڵی خەلەکان روویدا ناشارستانی و نایاسایش بوو، کە بەهیچ جۆرێک لەگەڵ رێنماییەکانی ژینگەدا ناگونجێت."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "فەرمانگەی ژینگەی سلێمانیمان ئاگادارکردووەتەوە، کە لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکاندا هەوڵ بدەن ئەو کەسە بدۆزنەوە تا بە سزای یاسایی بگات."
ئەحمەد محەمەد راشیگەیاند، "دەستدرێژی کردنە سەر ئاژەڵ قەدەغەیە، بۆیە سزا بۆ دەستدرێژیکاران دانراوە و ئەو کەسەی بەرازەکەی کوشتووە دەستگیردەکرێت."
ئەوەش لەکاتێکدایە، بەپێی گرتە ڤیدیۆیەک لە دۆڵی خەلەکان، لەناکاو بەرازێک خۆی دەکات بەناو کۆمەڵێک سەیرانکاردا و هاوار و شڵەژان لەناو سەیرانکاراندا دروست دەکات.
بەڵام لەلایەن یەکێک لە سەیرانکارەکانەوە چەندین گولـلە بە بەرازەکەوە دەنرێت و دەکوژرێت.
لە هەرێمی کوردستان کوشتنی ئاژەڵە کێویەکان سزای بۆ دانراوە و لە ناویشیاندا کوشتنی بەراز بەرامبەر بە پێبژاردنی ٥٠٠ هەزار دینار دیاریکراوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە