دەستەی ناوچە کوردستانییەکان ڕەتیدەکاتەوە لە خانەقین بڕیاری داخستنی خوێندنگەی کوردی درابێت

دەستەی ناوچە کوردستانییەکان ڕەتیدەکاتەوە لە خانەقین بڕیاری داخستنی خوێندنگەی کوردی درابێت

پەیامی کورد... دەستەی ناوچە کوردستانییەکان ڕەتیدەکاتەوە لە خانەقین بڕیاری داخستنی خوێندنگەی کوردی درابێت

سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم ڕەتیدەکاتەوە لە خانەقین بڕیاری داخستنی خوێندنگەی کوردی درابێت و دەشڵێت، ھەواڵی لابردنی بەڕێوەبەری خوێندنگە کوردییەکان لە خورماتوو دوورە لە ڕاستییەوە.

فەھمی بورھان سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم ڕایگەیاندوە: لەگەڵ مەلا کەریم شکورئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدواداچوونیان بۆ دۆسیەی مامۆستایانی کورد کردووە لە قەزای دووزخورماتوو و دەرکەوتووە لە قەزاکە کێشەی کەمی مامۆستای کورد ھەیە لە سەر میلاکی بەغداد و ھەروەھا مامۆستا کوردەکان پۆستی بەڕێوەبەری خوێندنگە کوردییەکان وەرناگرن، ھەربۆیە ئەو ھەواڵە ڕاست نییە کە بەڕێوەبەرە کوردەکان دوورخرابێتنەوە.

سەبارەت بە داخستنی ٣٣ خوێندنگەی کوردی لە خانەقین، فەھمی بورھان ئاشکرایکردوە: ئەو خوێندنگە کوردییانەی کە داخراون سەر بە میلاکی بەغدادن و خوێندکاری کوردی لێ نییە تاکو تیایدا بخوێنن، لەبەرئەوە بەناچاری داخراون و بابەتەکە تەعریب نییە.

ئەوەشی وتوە :جگە لەنەبوونی خوێندکار ئێستا خوێندکارە کوردەکان دەچنە خوێندنگە عەرەبییەکان لەبەرئەوە بەھۆی کەمبوونەوەی خوێندکار ئەو خوێندنگانە داخراوان.

باسی لەوەشکرد، لە خانەقین نزیکەی ٣٥ خوێندنگەی کوردی ھەیە و سەربە میلاکی حکومەتی ھەرێمن و دانەخراون، تەنانەت ئەو خوێندنگە کوردییانەی کە سەر بە میلاکی بەغدادن ھەرکاتێک خوێندکاری کورد ھەبوو دەکرێنەوە.

هەروەها سەبارەت بەو بڕیارەی چەند رۆژی رابردووی وەزارەتی تەندروستی عێراق کە بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی تەندروستی کارکردن لە کەرکوک تەنیا بە زمانی عەربی بێت، فەھمی بورھان بە کوردسات نیوزی وتوە : بەسوپاسەوە سەرۆکایەتی کۆماری عێًراق ھاتوونەتەسەرخەت و بە نوسراوی رەسمی داوایانکردووە کە پابەندبن بەدەستووری ھەمیشەیی عێراق، چونکە بەپێی ماددەی چواری دەستور، دەبێت بەڵگەنامە ڕەسمییەکان بە ھەردوو زمانی کوردی و عەرەبی بنوسرێن.

فەھمی بورھان ھەموو لایەکی دڵنیاکردەوە کە بەوردی بەدواداچوون بۆ دۆسییەی تەعریب دەکەن و ھەموو ھەنگاوێک بۆ ڕێگریکردن لە تەعریب دەگرنەبەر و داواشی لە میدیایی کوردی کرد بەرپرسانە مامەڵە لەگەل دۆسیەی تەعریب بکەن و دژی دۆزی ڕەوای گەلی کورد ھەواڵی ناڕاست بڵاونەکەنەوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە