پەیامی کورد... دەستبەسەر کرانی دەیان مامۆستا لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ٤٠ مامۆستای قوتابخانە لە شارەکانی سنە، مەریوان، سەقز و دیواندەرە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە تەنیا ٧ کەسیان ئازاد کراون و باقییان هێشتا دەستبەسەرن.
سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتی مامۆستایانی قوتابخانە شارەکانی سنە، مەریوان، سەقز و دیواندەرە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە میلیتاریزە کراوە و هێڵەکانی تەلەفۆن لە شاری دیواندەرە تووشی کیشە بووە. هێزە ئەمنییەکان و هێزەکانی یەکەی تایبەت لە شاری سنە چەندین کەس لە مامۆستایانی ناڕازییان داوەتە بەر لێدان و کوتان. هەروەها لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە چەندین هەلیکۆپتەر بە سەر ئاسمانی شارەکانی سنە، سەقز و بۆکان سووڕاوەتەوە و هێزە ئەمنییەکان لە شوێنە گشتییەکان و هەروەها گۆڕەپانی شارەکان جێگیر کراون.
هەنگاو کاتژمێرێک پێش ئێستا ڕایگەیاندبوو کە نیشانەشکێنەکانی سوپای پاسداران لە سەر بانی فەرمانگەی پەروەردە و بارهێنانی شاری سنە و بینا بەرزەکانی نزیک ئەو فەرمانگەیە جێگیر کراون.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە هەنگاو، نیمەڕۆی ئەمڕۆ زیاتر لە ٢٠ کەس لە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵ سەلاح حاجی میرزایی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لقی سنە _ کەڵاتەرزان و دەستبەسەریان کردووە.
هاوکات لانی کەم ٤ کەس لە مامۆستایانی شاری سەقز لە کاتی ناڕەزایەتی دەربڕین لە پێش بینای فەرمانگەی پەروەردە و بارهێنانی ئەو شارە بە ناوەکانی تاهیر قادرزادە، ئیسماعیل ڕەیحانی، ئامانج ئەمینی و حوسێن محەممەدی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. شەوی ڕابردووش ١٨ کەس لە مامۆستایانی ئەو شارە دەستبەسەر کراون.
لە لایەکی دیکەوە، شەوی ڕابردوو سێ کەس لە مامۆستایانی مەریوانی و ئەندامی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی ئەو شارە بە ناوەکانی ئارام قادری، تەحسین مستەفا و سەیوان سولەیمانی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کراون.
هاوکات پێنج مامۆستای دیکەی مەریوانی بە ناوەکانی ساڵح حەبیبی، ئیسماعیل ئەمینی، بەختیار ئەحمەدی، خالید مینبەری و ناسیح مورادی دوێنێ بانگ کراون بۆ ئیدارەی ئیتلاعات و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە و دواتر بە نووسراوە بەڵێنییان لێ وەرگیراوە کە بەشداری ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی پێنجشەممەی مامۆستایان نەکەن.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە هێزە ئەمنییەکان لە مەریوان عادڵ محەممەد پوور مامۆستای خانەنشینکراو و بە پێشینەی ئەو شارەیان داوەتە بەر لێدان و کوتان و دەستی بریندار بووە.
ڕۆژی ڕابردوو هەنگاو ڕایگەیاندبوو کە پێنج کەس لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی دیواندەرە بە ناوەکانی ئومێد شامحەممەدی، عوسمان ڕەزایی، هیوا قوڕەیشی، پەرویز ئەحسەنی و کاوە محەممەد زادە دەستبەسەر کراون کە هەتا ئێستاش دەستبەسەرن.
هەر دوێنی لانی کەم ١٨ مامۆستای قوتابخانە لە سەقز دەستبەسەر کراون کە هەتا ئێستا ناسنامەی ١٤ کەسیان بە ناوەکانی خالید عەبدوڵڵایی، سلێمان عەبدی، عەزیز مەرزی، لوقمان ئەڵڵا مورادی، ئەحمەد قادری، کەیوان محەممەدی، خالید شێخی، ئەنوەر فەرەج زادە، سەید سەلاح حوسێنی، تاهیر حامیدی، زاهید مورادی، ئاوات ڕەزەوی و فاتیح غەفاری بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە.
مریەم ئەحمەدی، ڕەزا ئەلیاسی، بەها مەلەکی، جەبار پاکزاد و فاتیح ئەسەدی، مامۆستایان و چالاکانی پیشەیی لە شاری سنە، کاتژمێر ٥: ٣٠ خولەکی ئێوارە لەلایەن ئیتلاعاتی سنەوە دەستبەسەر کران.
هەنگاو زانیویەتی کە ئەو پێنج مامۆستایە دوای چوار کاتژمێر لێپرسینەوە و واژۆ کردنی بەڵێننامەیەکی نووسراو بۆ بەشداری نەکردن لە گردبوونەوەی ناڕەزایی ڕۆژی پێنجشەممە ئازاد کراون.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە