پەیامی کورد... دژە تیرۆری کوردستان وردەکاری هێرشە مووشەکییەکەی سەر قەزای شێخان خستە ڕوو
دژە تیرۆری کوردستان ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو دوو مووشەک ئاراستەی قەزای شێخان کراون کە یەکێک لە مووشەکەکان لە بەرزییەکانی چیای سمریتێی سەر بە قەزای شێخان لە پارێزگای نەینەوا گوتووتە مووشەکی دووەمیش بەر لەوەی بگاتە سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە، لە گوندی تیسخراب - باشیک لە سنووری دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی کەوتووەتەوە خوارەوە.
دژە تیرۆری کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا کە درەنگانی شەوی ڕابردوو بڵاویکردەوە ڕایگەیاند،» شەوی سێشەممە ٢١ی حوزەیران/٦ ی ٢٠٢٢ کاتژمێر ١١: ٠٠ی شەو، دوو مووشەک لە لایەن میلیشیا لەیاسابەدەرەکانەوە لە ناوچەی بازوا لەنێوان گوندی کانینی و باشیکەوە ئاراستەی سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری میحوەری ناوەران کران».
ئاماژەی بەوەشکرد،» یەکێک لە مووشەکەکان لە بەرزییەکانی چیای سمریتێی سەر بە قەزای شێخان لە پارێزگای نەینەوا کەوتە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێ نەکەوتوەتەوە، هاوکات مووشەکی دووەمیش بەر لەوەی بگاتە سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە، لە گوندی تیسخراب - باشیک لە سنووری دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی کەوتووەتەوە خوارەوە».
قەزای شێخان لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە دوو پارێزگایە، سەنتەری قەزاکە و ناحیەی زیلکان سەر بە پارێزگای نەینەوان و ناحیەی باعەدرێ، ئەتروش، قەسرۆک و کەلەکچی سەر بە پارێزگای دهۆکن.
١٧ی ئەم مانگەش بنکەی سەربازی سوپای تورکیا لە ناحیەی زێلکانی سنووری پارێزگای نەینەوا کرایە ئامانج و ژمارەیەک مووشەک بەر دەوروبەری بنکەکە کەوتن، سەرچاوەیەکی ئەمنیش ڕایگەیاند، مووشەکەکان لە دەرەوەی سەربازگەکە کەوتنەتە خوارەوە و زیانی گیانی نەبوە، لەو هێرشەشدا «حەشدی شەعبی لە دەشتی نەینەوا بە ئاراستەکردنیان تۆمەتبار دەکرێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە