پەیامی کورد... دەزگای گشتی کاروباری مین: زیاتر لە 500 جۆر مین و تەقەمەنی لەناو بران
دەزگای گشتی کاروباری مین ڕایگەیاند، وەکو هەوڵێک بۆ پاکردنەوەی تەواوی ناوچە پیسبووەکان بە مین و تەقەمەنی لە هەرێمی کوردستان، دەزگای گشتی کاروباری مین، چەندین پاشماوەی مین و تەقەمەنی لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان تەقاندەوە.
دەزگای گشتی کاروباری مین بڵاویكردەوە، ناوچەی هەورامان بەهۆی هاوسنووری لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، لە سەردەمی شەڕی نێوان عێراق – ئێران دا زۆربەی ناوچەکانی بە مین چێندرابوون و هەفتەی رابردووش دەزگای گشتی کاروباری مین لە کێڵگە مینی (خۆرەتاوەسەختە)، لە گوندی ھاواری سەر بە ناحیەی بیارە، تیمی تەقاندنەوە (EOD) ی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی سلێمانی بڕی 65 مین و تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگیان تەقاندەوە.
ئاماژەشیان بەوەكرد، هەروەها لە قەزای پێنجوێن تا ئێستا 304 مین و پارچە تەقەمەنی بە ھەشت تەقینەوەی جیاواز و 25 پارچە مین و تەقەمەنی لە دوو ناوچەی جیاواز تەقێندرانەوە.
ئەوەشیان خستەڕوو، لە ئیدارەی گەرمیانیش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی گەرمیان بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایشی گەرمیان 110 پارچە تەقەمەنی جۆراو جۆر لە سنوری ناحیەی قۆرەتوو و 9 مینی دژە کەسی و چەند پارچە تەقەمەنی جۆراوجۆر لەکێڵگەمینی (دۆڵی سکەکە) تەقێندرانەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە