پەیامی کورد... ئیسپانیا چوار فڕۆکەی جەنگی و ١٣٠ سەرباز ڕەوانەی بولگاریا دەکات
وەزارەتی بەرگری بولگاریا ڕایگەیاند ئیسپانیا لەم هەفتەیەدا چوار فڕۆکەی جەنگی و ١٣٠ سەرباز ڕەوانەی بولگاریا دەکات، ئەمەش لە ناوەندی زیادبوونی گرژییەکاندا سەبارەت بە قەیرانەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا.
وەزارەتی بەرگری بولگاریا وتی پێشبینی دەکرێت یەکەم فڕۆکە جەنگییەکانی یۆرۆفایتەری ئیسپانیا لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بگەنە بولگاریا، ئاماژەشی بەوەدا لەگەڵ هێزی ئاسمانی بولگاریادا تاوەکوو کۆتایی مانگی سێ ئەرکی پاراستنی ئاسمانی وڵاتەکەیان پێ ڕادەسپێردرێت.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەرکەکە ئەو ڕێوشوێنانە جێبەجێ دەکات کە گرنگن بۆ ئاسایشی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپای ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا."
وا بڕیارە هۆڵەنداش لە مانگی چوار و پێنجدا دوو فڕۆکەی ئێف – ٣٥ ڕەوانەی بولگاریا بکات.
بولگاریا کە لە ساڵی ٢٠٠٤ ەوە ئەندامە لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، دەیەوێت بە هەماهەنگی لەگەڵ ناتۆدا هێزێکی شەڕکەری ١٠٠٠ سەربازی دروست بکات کە لەژێر فەرمانی سەرکردایەتی بولگاریادا بن، ئەو هێزەش سەربازانی وڵاتانی دیکەشی تێدا دەبێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە