یادداشتێک لە نێوان هەرێم و ئێران واژوو دەکرێت

یادداشتێک لە نێوان هەرێم و ئێران واژوو دەکرێت

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ د. محەمەد شەریعەتمەداری وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و کانزاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆنفرانسی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، بەسەرۆکیەتی شاندێک گەیشتە شاری هەولێری پایتەختی کوردستان.

 

 شاندەکەی ئێران لە فڕۆکەخانەی هەولێر لەلایەن شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی د. عەلی سندی، وەزیری پلاندانان و وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بەوەکالەت پێشوازی لێکرا.

شەریعەتمەداری لە پرێس کۆنفرانسێکدا وتی: لە سەرجەم بوارەکاندا، پەرە بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەریم دەدەین.

لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی كۆنفرانسی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران کە لە ئێستادا دەستیپێکردووە، بڕیارە یاداشتێكی لێك تێگەیشتن لە نێوان ھەردوولا واژۆ بكرێت.

بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەكانی ئێران ‌و هەرێمی كوردستان لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، عەبدوڵڵا ئاكرەیی، لە لێدوانێکدا راگەیاند: "ئەمڕۆ لە ھەولێر یاداشتی لێك تێگەیشتنی نێوان ھەرێمی كوردستان و ئێران لەلایەن عەلی سندی، وەزیری پلاندانانی ھەرێمی كوردستان و محەمەد شەریعەتمەدار، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ئێران واژۆ دەكرێت، كە یاداشتەكە باس لە بازرگانی نێوان ھەردوولا دەكات، ھەروەھا كردنەوەی بازاڕی بچووكی ئازادە لە سنوورەكانی نێوانماندا، ھەروەھا بەشێكی دیكەی یاداشتەكە ئاماژەكردنە بە ئاڵوگۆڕكردنی كاڵاكان لەنێوان ھەرێمی كوردستان و ئێران".

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسەکەدا وتارێکی پێشکەشکرد و هیوای خواست پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران بەرەوپێشبچێت.

سەرۆک وەزیران رایگەیاند: 135 کارگەیی ئێرانی لە کوردستان کاردەکەن.  ئاماژەی بەوەشدا کە کار بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی ئازادی بازرگانی لەگەل ئیران دەکەن.

بارزانی داواشی لە وەبەرهێنەرانی کوردستان و ئێران کرد، پەیوەندییەکانیان باشتر بکەن.

ئاماژەی بەوەش کرد کە  هەوڵدەدەن بەشێک لە پێنج سنوورە لاوەکییەکەی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران بکەنە سنووری نێودەوڵەتی.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە