پەیامی کورد ... مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەڵێت "هەندێك ووڵاتی ئەم ناوچەیە بە رواڵەت لەم سەدەیەدان و لە جەوهەردا هێشتا لە سەدەكانی ناوەڕاستدان، بۆیە ناتوانن كێشەكان چارەسەربكەن". جەختیشدەكاتەوە، كە پێویستە پەیوەندییەكانی هەرێم و عیراق لە كلاسیكییەوە بۆ پەیوەندی ئەم سەردەمە بگۆڕێت.
لەمیانەی بەشداریكردنی لە پانێلی " هەولێر و بەغدا " لە دیداری ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە لە زانكۆی ئەمریكی لە دهۆك بەڕێوەدەچێت، مەلا بەختیار هەروەها ڕایگەیاند : "ڕووداوەكانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەریخست هەندێك ووڵات بە رواڵەت لەم سەدەیەدان، بەڵام لە جەوهەردا هێشتا لە سەدەكانی ناوەڕاستدان، وەرچەرخان بە مانای مۆدێڕنیەت و دیمۆكراسی و مەدەنییەت و پابەندبوون بە دەستوور لەم ووڵاتانەدا بوونی نییە، بۆیە كاتێك ئەو ووڵاتانە تووشی قەیران دەبن دەگەڕێنەوە خاڵی سفر و ناتوانن بەپێی هەلومەرجی ئەم سەردەمە كێشەكان چارەسەربكەن".
وتیشی "لە مێژووی عیراقدا 44 كابینە درووستكراون، بەڵام هیچیان نەیانتوانیوە كێشە ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی وڵاتەكە چارەسەربكەن".
مەلا بەختیار پێیوایە، لەسەردەمی جیهانگیریدا نەوەیەك پەیدا بوە لەژێر هەژموونی رابردوودا نین تا هەموو شتێكی ئەو حكوومەتانە قەبووڵ بكەن، بۆیە راپەڕین درووستدەبێت و ئاراستەكان دەگۆڕن.
ئاماژەی بەوەشكرد "گرینگترین شت بۆ هەرێمی كوردستان جێبەجێكردنی دەستوورە لە عیراقدا، لە دوای 2003 تائێستا دەستوور جێبەجێ نەكراوە، بۆیە رووبەڕووی چەندین كێشە بوینەتەوە، ئێستا مەترسی ئەوەش هەیە ئەگەر هەمواركردنەوەی دەستور بكەوێتە دەست هەندێك كەس لە عیراقدا، ئەوا لە روانگەی نادیموكراسییەوە دەستور هەمواردەكەنەوە و عیراق دەبەنەوە بۆ گێژاوی رابردوو، بۆیە هیوادارم راپەڕینەكانی ئێستا، عیراق ببەنە قۆناغێكی دیكەوە بۆ هەموو پێكهاتەكان".
هەروەها مەلا بەختیار جەختیكردەوە، كە دەبێت پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عیراق لە كلاسیكییەوە بگۆڕێت بۆ پەیوەندیی ئەم سەردەمە و بەپێی پێویستییەكانی ئەم سەردەمە كێشەكان چارەسەربكەن.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە