دوو بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە سێدارەدران

دوو بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە سێدارەدران

پەیامی کورد     ...    دوو بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە سێدارەدران

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ١٤ی جووڵای ، حوکمی لەسێدارەدانی دوو زیندانی سیاسی کورد بە ناوەکانی "سابیر شێخ عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسووڵ‌ زادە" خەڵکی مەهاباد، لە زیندانی ناوەندی ورمێ لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران جێبەجێ کرا.

حوکمی لەسێدارەدانی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە، بە ئامادەبوونی بنەماڵەی ١٣ کەس لە کوژراوەکانی تەقینەوەی بومب جێبەجێ کراوە.

دوێنێ دووشەممە ١٤ی جووڵای ٢٠٢٠ ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردەی مەحکووم بە ئێعدام لە بەندی ١_٢ی زیندانی ورمێ بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگوێزرابوون.

لەسێدارەدانی ئەو دوو زیندانییە لە حاڵێکدا بووە کە ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندبوو کە بەرپرسانی حکوومەتی ئێران دەبێ دەستبەجێ بەرنامەی جێبەجێکردنی لەسێدارەدانی "سابیر شێخ عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسووڵزادە" ڕابگرن.

"سابیر شێخ عەبدوڵڵا"، کوڕی "موستەفا" و خوێندکاری پێشووی کارناسی باڵای زانکۆی عەلامەی یەکسانی شاری تاران و "دیاکۆ ڕەسووڵ ‌زادە" لە ساڵی ٢٠٠٣ یەوە لە زینداندان و پاش ڕەتکردنەوەی حوکمی لەسێدارەدانیان لە دیوانی باڵای ووڵات، ساڵی ٩٦ دووبارە لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "چابوک" بە تۆمەتی "ئەنجامدانی تەقینەوە" و "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ئێعدام مەحکووم کرابوون.

حوکمی لە سێدارەدانی "حسێن عوسمانی" یەکێکی دیکە لە هاودۆسییەکانی ئەو دوو بەندکراوە سیاسییە مەحکووم بە لەسێدارەدانە ، لە دیوانی باڵای ئەو ووڵاتەوە ڕەت کرابووەوە و دواتر لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی  مەهابادەوە بە سی ساڵ زیندانیی تەعزیری  و دوورخرانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ مەحکووم کرابوو.

"سابیر شێخ عەبدوڵلا، حسێن عوسمانی و دیاکۆ ڕەسووڵ زادە"، مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن هێزەکانی جل مەدەنی دەزگای هەواڵگری شاری مەهابادەوە دەسبەسەر کران.

ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، ساڵی٢٠٠٤  لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد، بە سەرۆکایەتی دادوەر "ئەحمەد جەوادی کیا" بە تۆمەتی "ئەنجامدانی تەقینەوە" و "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامی ئێران" بە لەسێدارەدان مەحکووم کراون.

وزارەتی هەواڵگری و زانیاری کۆماری ئیسلامی ئێران ساڵی ٢٠٠٤ ، ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەی بە ئەنجامدانی تەقینەوەکەی مەهاباد و ئەندامیەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان تۆمەتبار کرد.

پێشتریش، یەکێک لە هاوڕێی خوێندکارەکانی سابیر شێخ عەبدوڵڵا وتوویەتی  "دۆسیەی سابیر شێخ عەبدوڵڵا کەوتە ژێر دەستی وەزیری هەواڵگری و ڕاستەوخۆ بووە قوربانی ئەو ناوەندە ئەمنییەی حکوومەتی ئیسلامی ئێران، ئەوەش لە کاتێکدایە کە سابیر ئاگاداری ئەو تەقینەوەیەش نەبووە".

پێشتر، کەسوکاری ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی مەهاباد ڕایانگەیاندبوو کە کوڕەکانیان لە ماوەی دەسبەسەریدا لە گرتنگەکانی وەزارەتی هەواڵگری ، بە مەبەستی وەرگرتنی "دانپێدانانی تەلەفزیۆنی "، بەتووندترین شێوە ئەشکەنجە کراون.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە