حکوومەت چاکسازی لە کەرتی نەوت و گاز ئەنجام دەدات

حکوومەت چاکسازی لە کەرتی نەوت و گاز ئەنجام دەدات

پەیامی کورد     ...   حکوومەت چاکسازی لە کەرتی نەوت و گاز ئەنجام دەدات .

بڕیارە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان چاكسازی لە كەرتی نەوت و گازدا ئەنجام بدات و ئەندامێكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكانیش لە پەرلەمانی كوردستان پێی وایە، ناھاوسەنگی لە گرێبەستەكاندا ھەیە و پێداچوونەوەی بۆ دەكرێت.

 د. رێبوار بابكەیی، ئەندامی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان ، رایگەیاند: "بەپێی ڕوانگەی تازەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و بەرپرسانی حكوومەتیش پێیان راگەیاندووین، كە حكوومەت بەنیازە چاكسازی لە كەرتی نەوتدا بكات، بێگومان كەرتی نەوت كەرتێكی فراوانە و لەوانەش كۆمپانیا لۆكاڵی و بیانییەكان و گواستنەوە و بەرھەمھێنان و بەبازاڕكردن و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و چەندین بواری دیكەش".

ئەندامەكەی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان ووتی: "حكوومەت پێی وایە ناھاوسەنگی لە كەرتی نەوتدا ھەیە، بە جۆرێك زیاتر لە بەرژەوەندیی كۆمپانیاكانی كەرتی نەوت و گازە، ھەروەھا پێداچوونەوە بە گرێبەستەكانی لەگەڵ كۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەكان دەكات، كە بە جورێك پێداچوونەوەی بۆ دەكرێت لە بەرژەوەندیی حكوومەتدا بێت".

بابكەیی، كە ھاوكات پەرلەمانتاری فڕاكسیۆنی پارتییشە، دەڵێت: "ئەگەر لە كەرتی نەوتیشدا چاكسازی بكرێت و ئەو ناھاوسەنگییەی ھەیە راست بكرێتەوە، لە بوارەكانی بەرھەمھێنان و گواستنەوە و بەبازاڕكردن، داھاتێكی زۆر بۆ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە".

ناوبراو جەختیشی كردەوە: "ھەر چاكسازییەك ئەنجام بدرێت، بۆ بەدیھێنانی ھاوسەنگی و دادپەروەرییە و لە ساڵانی رابردوودا بە جۆرێك گرێبەست كراون، زیاتر لە بەرژەوەندیی كۆمپانیاكاندا بووە نەك حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، حكوومەت دەیەوێ زیاتر كار لەسەر دوو خاڵ بكات، یەكەم دادپەروەری و ھاوسەنگی ھەبێت، دووەم گرێبەستەكان لە بەرژەوەندیی گشتیی ھەرێمی كوردستاندا بن".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە