وورده‌كاری پرۆسه‌ی خوێندنی ئه‌مساڵ ڕادەگەێندرێت

وورده‌كاری پرۆسه‌ی خوێندنی ئه‌مساڵ ڕادەگەێندرێت

پەیامی کورد     ...    وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان گوتی، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ڕه‌زامه‌ندی داوە كه‌ ده‌رگای ناوه‌نده‌كانی خوێندن بۆ قۆناغه‌كانی یه‌كی بنه‌ڕه‌تی تاپۆلی ١١ بكه‌نه‌وه‌ به‌پێی ڕێنماییی ته‌ندرووستی بۆ ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌كان و بۆ پۆلی ١٢ی ئاماده‌ییش مه‌نهجێك دیاری كراوه‌، چی پێویسته‌ بۆ تاقیكردنه‌وه‌كان داخیل بێت، چوونكه‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ئێمه‌ی سه‌رپشك كردووه‌ بۆ بڕیاردان و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ دەر‌بارەی پرۆسه‌ی خوێندن.

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریان وەرگرتووە دەرگەی ناوەندەکانی خوێندن بۆ قۆناخی یەک تاوەکو ١١ بکەنەوە و ڕێنمایی و گشتاندنیان بۆ دەردەکەن لەبارەی شێوازی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی، ئاماژەی بەوە کرد، لە ئەنجومەنی وەزیران ڕاسپێردراون کە خوێندنەوەی بۆ بکەن و بگەنە بڕیارێک لە ئایندەیەکی نزیکدا، گوتیشی: "وەزارەتی پەروەردە مەنهەجێکی بۆ ١٢ی ئامادەیی دیاری کردووە و ئەوەی پێویستە بۆ تاقیکردنەوەکان داخڵ بێت".

وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان له‌میانه‌ی به‌شداریكردن له‌ كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان گوتی: "له‌ كۆتاییی مانگی دوو هه‌ردوو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا پلان و پێشنیاری خۆمان بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌باره‌ی پرۆسه‌ی خوێندن ئاماده ‌كرد و ئه‌وانیش ئێمه‌یان سه‌رپشك كرد بۆ ئه‌وه‌ی میكانیزمێك دانێین بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی خوێندن و ڕۆژی دواتر بڕیارەکە وا درا کە لە ٢٦-٢-٢٠٢٠ لە وەزارەتی پەروەردە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن بکرێتە پشوو تاوەکو ڕۆژی ١٠-٣-٢٠٢٠، لەپاش ١٠ی ٣ ئێمە وەکو وەزارەتی پەروەردە پشووی بەهارەمان هەیە تاوەکو ٢٣ ی٣، ڕۆژی ٢٤ی ٣ دەست بە دەوام دەکرێتەوە. بۆ ئەو ماوەیە ئێمە لە وەزارەتی پەروەردە لە ڕۆژی ٣-٣-٢٠٢٠ بە نووسراوی ژمارە ٥٢، پلان (A-B-C-D)مان دانا، لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە ٤-٣-٢٠٢٠ پلانەکانی خۆمان خستە ڕوو.

ئاڵان حه‌مه‌ سه‌عید گوتیشی: "کاتێک کە پێوەرە تەندروستییەکە بە جۆرێک بوو، ئاراستەکان بەرەو ئەوە بوو ناوەندەکانی خوێندن وا بەئاسانی و زوویی نەکرێنەوە لە چوارچێوەی سیاسەتی خۆپارێزی لە کۆرۆنا بە کەمترین زیان لێی دەربچین. ئێمە لە وەزارەتی پەروەردە بڕیارمان دا خزمەتگوزارییەکی ئەلیکترۆنی بۆ قوتابیان و خوێندکارانی کوردستان لە قۆناخی یەکی بنەڕەتییەوە تاوەکو پەیمانگاکان فەراهەم بکەین، بۆ ئەو مەبەستە قوتابخانەی ئەلیکترۆنیمان دامەزراند و قوتابخانەی ئەلیکترۆنی پلاتفۆرمێکە دەتوانم بڵێم لە ئاستی ناوچەکە هاوشێوەی نییە، دەوڵەتەکان چۆن پەنایان بردە بەر خوێندنی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین، ئێمەش لە کوردستان چیمان کرد؟ بەپێی نوێترین ئەپدەیتی ئامارای ڕێکخراوی یونسکۆ تاوەکو ئەمڕۆ کە دەکات ٦-٥-٢٠٢٠ زیاتر لە یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن قوتابی لە ١٩١ دەوڵەت، کە دەکاتە ڕێژەی ٩١.٤ هەموو قوتابیانی جیهان لەناو ناوەندەکانی خوێندن بەهۆی ڤایرۆسی کۆڤید-19 لە خوێندن دابڕاون، لە بەرامبەردا ئەو دەوڵەتانە پەنایان بردووەتە بەر خوێندنی ئەلیکترۆنی، یان خوێندنی ئۆنلاین.

باسی له‌وه‌ش كرد، ئێمە لە هەرێمی کوردستان لە ڕوانگەی خوێندنەوەیەکی واقیعیانە بۆ ژێرخانی پەروەردە و گرفتی هێڵەکانی ئینتەرنێت و کارەبا لە کوردستان پلاتفۆرمێکمان ئامادە کردووە، کە ئەو پلاتفۆرمە لەگەڵ هەموو ئەو بابەتانە بگونجێت، خوێندنەکەش خوێندێکی ئەلیکترۆنی بێت و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ وەزیری گواستنەوە و گەیاندن هاوئاهەنگیمان کردووە بۆ ئەوەی ئەو وێبسایتەمان بکرێتە فری و ئەگەر ئاماژەیەک بە پرۆژەی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی بدەم، دەتوانم لەسەر دوو ئاستەوە ئاماژەی پێ بدەم، یەکەم لەسەر ئاستی تەکنیکی، کە تاوەکو ئێستا ٦ هەزار ٦٠٢ قوتابخانە و یەک ملیۆن و ٧٩٧ هەزار و ٤٤٠ قوتابی و ١٢٩ هەزار ٢٤٠ مامۆستای تێدا تۆمار کراوە.

له‌باره‌ی تێچووی ئه‌و پارەیەی له‌و كاره‌ خه‌رج كراوه‌، ئاڵان حه‌مه‌ سه‌عید گوتی، هاوبەشەکانی ئێمە لەو پرۆسەیە کۆمپانیاکانی نەورۆز تلیکۆم، سۆفتماکس و ڕێکخراوی یونسکۆ بوو، کۆی گشتیی ئەو پرۆژەیە ئەگەر لە بازاڕدا، یان بە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەک بکرابایە، ئەوا ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار تێچووەکەی دەبوو، بەڵام یەک دۆلار و یەک سەنتیش لەسەر خەزێنەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەکەوتووە، بەڵکو ئێمە بە خۆبەخشی کردوومانە و بە سوپاسەوە کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت لە ڕێگەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنەوە ئەو پلاتفۆرمەیان فری کردووە، کە بریتین لە کۆمپانیاکانی گەیاندن (کۆڕەک‌تلیکۆم، ئاسیاسێل، زێن)، کۆمپانیاکانی ئینتەرنێتیش (نەورۆزتلیکۆم، فاست‌لینک، پەیک نێت، ئای نێت، ئای کیو، گۆران نێت، تیشک نێت، ئەسەرد، تارین نێت)، هەموو ئەو کۆمپانیایانەی ئێستا وێببسایتی www.ewane.krd یان فری کردووە، واتە هاوبەشەکانی ئەو کۆمپانیایانەی ئەگەر بەڵانسیشیان نەمابێت دەتوانن بە فری ئەو وێبسایتە بکەنەوە. واتە هیچ قوتابییەک پێویستی بە کڕینی کارتی ئینتەرنێت نابێت بۆ ئەوەی ئەو وێبسایتە بکاتەوە و کۆی وانەکانی خوێندن لەو پرۆژەیە بەردەستە، کە بریتییە لە قۆناخی یەکی بنەڕەتی تاوەکو ١٢ی ئامادەیی و پەیمانگاکانی هونەرەجوانەکان، پەیمانگاکانی وەرزش و پەیمانگای کۆمپیوتەر، کە ئێمە وەکو وەزارەتی پەروەردە ٣٠ پەیمانگای حکوومیمان هەیە، وانەکان لەو پرۆژەیە بە زمانی کوردی بە هەردوو شێوەزاری سۆرانی و بادینی تۆمار کراون، هاوکات بە زمانی عەرەبی بۆ قوتابخانە عەرەبییەکانی ناو هەرێمی کوردستان کە ١١٩ قوتابخانەمان هەیە تۆمار کراون، وانەکان بە زمانی ئینگلیزی تۆمار کراون بۆ ئەو قوتابخانانەی کە بە سیستەمی ئینگلیزی لە هەرێمی کوردستان دەخوێنن، هاوکات بۆ ئەو قوتابخانانەی بە زمانی سریانی و تورکمانی دەخوێنن، بۆ ئەوانەشی کە خوێندنی ئیسلامین و سەر بە وەزارەتی پەرەوەردەن، لەگەڵ ئەوانەشی کە خوێندنی پیشەیین.

زیاتر گوتی، ڕێژەی بەکارهێنانی ئەو پلاتفۆرمە لە سەرووی پێشبینییەکانی ئێمەوە بووە، کە زۆر باش بووە. ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە لە ماوەی ٩ ڕۆژدا ٥٤٧ هەزار قوتابی و مامۆستا ئەکاونەتەکانیان ئەکتیڤ کردووە، کە ئەمە ڕێژەیەکی زۆرە. ئەوەشی کە زۆرتر جێگەی دڵخۆشییە ترس و دڵەراوکێی ئێمە لە وەزارەتی پەروەردە لە قۆناخەکانی (1-2-3)ی بنەڕەتی بوو، بەڵام زۆرترین ڕێژەی بەکارهێنەر بەپێی داتایانەی سیستەمەکە دەیخاتە ڕوو بەکارهێنەرەکان لە قۆناخەکانی (1-2-3)ی بنەڕەتین.

گوتیشی، لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار لەسەر ئەوە درا بە دەرگای قوتابخانەکان بۆ قۆناخەکانی (١ی بنەڕەتی تاوەکو ١١ی ئامادەیی) بە هەموو بەشەکانیانەوە بە ڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندرووستییەکان بۆ تاقیکردنەوەکان بکەینەوە، چوونکە تاوەکوو ئێستا هیچ ئاماژەیەکی دڵنیاکەرەوە نییە کە کۆرۆنا لە کوردستان نەماوە و٧٠%ی کۆی وانەکانی قۆناخەکانی (١ی بنەڕەتی تاوەکو ١١ی ئامادەیی) لە ناوەندەکانی خوێندن لەنێو پۆلەکاندا خوێندراون.

سەبارەت بە پۆلی ١٢ی ئامادەیی ووتی، لە سەرەتای هەفتەی ئایندە دیراسەی خۆمان وەکو وەزارەتی پەرەوەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا بە وردی دەدەینە ئەنجومەنی وەزیران و بە زووترین کات بڕیاری یەکلاکەرەوە لەسەر ئەو پرسە دەدرێت. تاقیکردنەوەی وزرایش لە مانگی ٦ی ساڵی ٢٠٢٠ ئەنجام دەدەین.

دوای كۆبوونوه‌ی په‌رله‌مانیش، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان له ‌كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند: "له ‌په‌رله‌مانی كوردستان له ‌سەعات ١٢ی نیوه‌ڕۆ تا کاتژمێر ٥ی ئێواره‌ گفتوگۆمان له‌باره‌ی پرۆسه‌ی خوێندنی ئه‌مساڵ كردووه‌ و پێشنیار و پلانی خۆمان خستووەته‌ ڕوو و سبه‌ش كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ قوتابخانه‌ ناحكوومیه‌كان و په‌یمانگه‌كان هه‌یه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌وانیش له‌باره‌ی پرۆسه‌ی خوێندنی ئه‌مساڵەوە گفتوگۆ ده‌كه‌ین.

ئاڵان حه‌مه‌ سه‌عید گوتیشی: "وه‌زاره‌تی دارایی به‌پێی ئه‌و پارەیە‌ی له‌به‌رده‌ستیدایه‌ خشته‌ی دابه‌شكردنی مووچەی داناوه‌ و دابه‌شی ده‌كات، بۆیه‌ جارێ دیار نییه‌ كه‌ مووچه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ دابه‌ش ده‌كرێت، چونكه‌ ئێستا وه‌زیری دارایی له ‌به‌غدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانین كه‌ی دابه‌ش ده‌كرێت."

بڕیاره‌ دوای كۆتایی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان تاقیكردنه‌وه‌كانی كۆتاییی ساڵ له‌١/٠٦ ئه‌نجام بدرێن.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە