پارتی گەلی کۆماری-جەهەپە بە دروشمی "پێکەوە لە هەلومەرجێکی یەکساندا" لەگەڵ پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە دەستی بە لێکنزیکبوونەوە کردووە. بەرلە راگەیاندنی رێکەوتنە نهێنییەکەی نێوانیان، کاربەدەستانی هەدەپە و جەهەپە بۆ ئامادەکردنی دەنگدەرانیان دەستیان بەسازدانی پانێلی هاوبەش کرد و تەنانەت مانیفێستۆی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.
وەک چۆن لە قۆناخەکانی رابردوودا پارتە سیاسییەکان لێکنزیکبوونەوە و هاوپەیمانێتیان ئەنجام دەدا، بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووش لە تورکیا هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی هاوپەیمانێتی دەستیپێکردووە. بەڵام ئەوەی هەر لە ئێستاوە دیارە ئەوەیە کە گەڕان بەداوی هاوپەیمانێتی لەسەر بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکان نییە.
بۆ نموونە لە تورکیا بێجگە لە پاری داد و گەشەپێدان-ئاکپارتی دەستپێشخەری پارتەکانی دیکە بۆ ئەنجامدانی هاوپەیمانێتی، لە بری چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگا، لەناوبردنی ئاکپارتییان کردووەتە ئامانج.
بەڵام دەبێت ئەوە بزانرێت کە هاوپەیمانێتییەک لەسەر بنەمای لەناوبردی کەسانێک یان پارتێک پێکهاتبێت، تەمەن درێژ نابێت، لەهەمانکاتیشدا نابێتە وەڵام بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگا.
ئاشکرایە کە ئەندامانی "ئی یی پارتی" لە پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا-مەهەپە جیابوونەتەوە، پارتی سەعادەتیش هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ ئاکپارتی، تەنیا ئەوە نەبێت کە بەهۆی کێشمە کێشمی ناوخۆ لە پارتەکەی خۆیان جیابوونەوتەوە و پارتێکی نوێیان دامەزراندووە و لە هەوڵی دروستکردنی هەوپەیمانێتیدان. لە چەند رۆژی رابردوودا لە نێوان ئەم دوو پارتە، تەنانەت لە گەڵ پارتی دیموکراتیش باس لە پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی سێقۆڵی دەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە پارتی گەلی کۆماری-جەهەپە کە لە مێژووی کۆماری تورکیادا بەپرسە لە سەرجەم خراپەکارییەکان، بۆ ئەوەی سەرلەنوێ خۆی کۆبکاتەوە و پێگەی خۆی بەهێز بکات، چاوی بڕیوەتە دەنگی کورد کە خەریکە ئاکپارتی لەدەستیان دەدات.
لەم چوارچێوەیەدا جەهەپە بە دروشمی "پێکەوە لە هەلومەرجێکی یەکساندا" لەگەڵ پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە دەستی بە لێکنزیکبوونەوە کردووە. بەرلە راگەیاندنی رێکەوتنە نهێنییەکەی نێوانیان، کاربەدەستانی هەدەپە و جەهەپە بۆ ئامادەکردنی دەنگدەرانیان دەستیان بەسازدانی پانێلی هاوبەش کرد و تەنانەت مانیفێستۆی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.
یەکەمین کۆبوونەوە لەو کۆبوونەوانەی کە بەرنامەی بۆ دارێژرابوو، لە مێرسین ئەنجامدرا. کۆبوونەوەکە کە لە شێوەی پانێلێک بوو، لەلایەن سەرۆکایەتی رێکخستنەکانی جەهەپە لە پارێزگای مێرسینی سازدرا و لەلایەن ئەحمەد ئۆزەر کاندیدی هەدەپە بۆ پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەبرا.
لە پانێلەکەدا یڵدرم کایا ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی گەلی کۆماری-جەهەپە ئاماژەی بەوەدا، کێشەی کورد لە تورکیا یەکێکە لە کێشە هەرە گرینگەکانی ئەو وڵاتە و بەمەش هەوڵی دا سەرنجی دەنگدەرانی کورد بەلای خۆیدا رابکێشێت.
ئەحمەد ئۆزەریش ئاماژەی بەوەدا کە دیداری لەگەڵ کەمال کڵچدارئۆغڵو ئەنجامداوە و گوتی لەوانەیە ئەو دەنگدەرانەی کورد کە پێشتر دەنگیان بە ئاکپارتی دەدا، لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگ بە جەهەپە بدەن.
یڵدرم کایا ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی جەهەپە لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا مانیفێستۆ (نەخشە رێگا)ـی هاوپەیمانێتی لەگەڵ هەدەپە دا خوێندەوە، تێیدا داواکاری ئازادکردنی پەرلەمانتارانی هەدەپە و سەرۆک شارەوانییەکان، هەروەها خوێندن بە زمانی کوردی جێگەی سەرنج بوو.
پاش هەموو ئەم رووداوانە کورد چی دەڵێت؟
عوسمان بایدەمیر پەرلەمانتاری هەدەپە لە بازنەی روها لە هەولێر دەڵێ "ئێمە ناچارین هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتە کوردستانییەکاندا بکەین"، بەڵام ئاراستەی هەدەپە بۆ هەڵبژاردنەکان، هێما بۆ لایەکی دیکە دەکات.
لەلایەکی دیکەوە، ئەو پارتییە کوردانەی هێزی بەدەستخستنی هەزار دەنگیان نییە، هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتی. دەبێت ئاماژە بەوە بدەین کە هاوپەیمانێتییەک بەبێ بەشداری پارتی ماف و ئازادییەکان-هاکپار و پارتی دۆزی ئازاد-هوداپار چانسی سەرکەوتنی نییە.
لە ژێر رۆشنای ئەم راستیانەدا، هەر هەولێکی هوداپار بۆ ئەنجامدانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئاکپارتی، یان هەوڵی هەدەپە بۆ ئەنجامدانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ جەهەپە، بە هیچ شێوەیەک خزمەتی پرسی کورد و کوردستان ، هەروەها خزمەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی تورکیا ناکات.
کاتی ئەوە هاتووە ئەوانەی بە دەنگی کورد لە گۆڕەپانەکەدا سیاسەت دەکەن، کارەکانیان لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی پارتە کوردییەکاندا چڕ بکەنەوە. هاوپەیمانێتییەکی بەهێزی پارتە کوردییەکان، دەتوانێت پارتەکانی نێو سیستەمی سیاسی لەو وڵاتەدا بخاتە سەر رێچکەیەکی راست. بەپێچەوانەوە هەموو لایەنەکان بە هەدەپەشەوە، سەرکەوتوو نابن.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە