شارەزایەکی کەشناسی: شەپۆلێكی گەرما بەڕێوەیە و پلەی گەرما دەگاتە ٥٠

شارەزایەکی کەشناسی: شەپۆلێكی گەرما بەڕێوەیە و پلەی گەرما دەگاتە ٥٠

پەیامی کورد... شارەزایەکی کەشناسی: شەپۆلێكی گەرما بەڕێوەیە و پلەی گەرما دەگاتە ٥٠


شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی دەکات شەپۆلێکی گەرما هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و پلەی گەرما بگاتە ٥٠ پلەی سیلیزی.

ئەمڕۆ سێشەممە محەمەد کەلاری شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند، لە کۆتایی ئەم هەفتەیە و سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە گۆڕانی بەرچاو لە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەستپێدەکات، بەتایبەت ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی.

ڕوونیشیکردەوە کاریگەری شەپۆلە گەرماکە بە گشتی لەسەر ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری هەرێم دەبێت، بەڵام پارێزگاکانی دیکەش بێبەش نابن لەم گەرمایە.

محەمەد کەلاری ئەوەشی خستەڕوو لە سەرەتای شەپۆلەکەدا بەرزترین پلە لە هەولێر تۆمار دەکرێت و بەرزترینی ٤٧ تا ٤٨ پلە دەبێت و نزمترینیش ٢٥ پلە.

سەبارەت بە سلێمانیش پێشبینی دەکرێت بەرزترین پلە تێیدا ٤٤ تا ٤٦ پلە بێت و نزمترینیش ٢١ پلە.

لە هەڵەبجە بەرزترین لە نێوان ٤٣-٤٥ پلە و دهۆکیش دەگاتە٤٤ پلە.

محەمەد کەلاری ڕاشیگەیاند، پێشبینی دەکرێت بەرزترین پلەی گەرمای کەرکوك بگاتە ٤٩ و لە سنوری ئیدارەی گەرمیانیش گەرما دەگاتە بەرزترین ئاست و پێشبینی دەکرێت لە کاتەکانی نیوەڕۆ و دوا نیوەڕۆی ڕۆژانی هەینی و شەممەدا پلەی گەرما لە ناوەندی قەزای هەلار بگاتە سەروو ٥٠ پلەی سیلیزی.

لەو بڕوایەشدا بوو کە شەپۆلی گەرماکە تا ١٧ی ئەم مانگە بەردەوام بێت.

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە