واشنتن: پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکەین

واشنتن: پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکەین

پەیامی کورد... واشنتن: پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکەین

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، واشنتن پشتیوانی لە مافی ئیسرائیل دەکات بۆ بەرگریکردن لە خۆی، پێویستە لایەنەکانیش خۆیان لە هێرشی مووشەکی بۆسەر تەلئەبیب بە دەور بگرن.

تۆم نایدس باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل و دیپلۆماتکاری باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی ڕایگەیاندوە، «ئەمریکا بە توندی پێی وایە ئیسرائیل مافی خۆپاراستنی هەیە، ئێمە مامەڵە لەگەڵ لایەنە جیاوازەکان دەکەین و داوا لە هەموون دەکەین ئارام بگرن».

لەلای خۆشیەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە لێدوانێکدا لەسەر دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل، داوای لە لایەنەکان کردووە، دوای هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر غەززە و هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر ئیسرائیل، خۆیان لە پەرەسەندنی زیاتر بە دوور بگرن.

پاشنیوەڕۆی هەینی ڕابردوو، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ئیسرائیل چەند ئامانجێکیان لەنێو کەرتی غەززە بۆردوومان کرد و لە ئەنجامدا، بەپێی وەزارەتی تەندروستی کەرتی غەززە، ١١ کەس کوژران و ٨٠ کەسی دیکەش برینداربوون، بەڵام سوپای ئیسرائیل دەڵێت، «لە هێرشەکەیان ١٥ کەس کوژراون» کە زۆربەیان ئەندامی گرووپی جیهادی ئیسلامی بوون.

داود شیهاب، وتەبێژی جیهادی ئیسلامی ڕایگەیاند، تیسیر جعبری فەرماندەی باڵای لیواکانی ئۆرشەلیم باڵی چەکداری بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی لە هێرشەکەی سوپای ئیسرائیلدا کوژراوە، لە بەرامبەردا لیواکانی ئۆرشەلیم زیاتر لە ١٠٠ مووشەکیان ئاراستەی ناوچە جیاوازەکانی ئیسرائیل کردووە، لەوانەش تەلئەبیب.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە