گۆتێرێس رەخنە لە پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان دەگرێت

گۆتێرێس رەخنە لە پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان دەگرێت

پەیامی کورد … گۆتێرێس رەخنە لە پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان دەگرێت

 

سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتوەكان لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا رەخنە لە پێشێلكاریەكانی مافی مرۆڤ لە ئێران و مافی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان لەو وڵاتە دەگرێت و ئاماژە بە شەپۆلی دەستگیركردنی چالاكوانانی كورد و بەردەوامی كوشتنی كۆڵبەرانی كورد دەكات لە لایەن هێزە سەربازییەكانی سەر بە حكومەتی تاران.

 

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە راپۆرتێكدا كە بۆ ٤٧مین خولی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ ئامادەی كردووە، سەبارەت بە پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە ئێران و ئەوەی پەیوەندی بە كوردەوە هەیە رایگەیاندووە:  لە ساڵی ٢٠٢٠دا لانیكەم ٦٩ كورد لەسێدارەدراون و لەو ساڵەدا دادگەكانی ئێران سزای لەسێدارەدانی ١٠ بەندكراوی سیاسی كوردیان پەسەندكردووە بە تۆمەتی وەكو دژایەتیكردنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران، دژایەتیكردنی خوا و ئەندامێتیی لە گرووپە سەلەفییەكان.

 

 

هەروەها ئاماژەی بەوەداوە، لە مانگی یەكی ساڵی ٢٠٢١ زیاتر لە ١٠٠ چالاكڤانی مەدەنی كورد لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە دەستبەسەركراون و بەشێك لەوان چارەنووسیان نادیارە. 

 

 باسی دۆخی خراپی زێنەب جەلالییان، بەندكراوی سیاسی كوردیش دەكات و دەڵێت، لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە لە زیندان راگیراوە، بێ ئەوەی كە مۆڵەتی كاتی هاتنەدەری پێدرابێت.

 

سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە راپۆرتەكەیدا باسی لە تووندوتیژی هێزەكانی ئێران دژ بە كۆڵبەران كردووە و رایگەیاندوە، لە ساڵی ٢٠٢٠ لانیكەم ٦٠ كۆڵبەر كوژراون، كە بەشێكیان منداڵ بوون و ١٧٠ كەسیش برینداربوون، بەڵام لەسەر هیچكام لەو كوشتنانە لێكۆڵینەوە نەكراوە و كەس سزانەدراوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە