پەیامی کورد … راگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەگەڵ سوپای عێراق
ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێکی ھاوبەشیان لە سنووری پارێزگای نەینەوا ئەنجامدا.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە وەزارەتی پێشمەرگەوە بڵاوکراوەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، ھێزەکانی میحوەری شەشی پێشمەرگە لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوای سوپای عێراق، ئۆپەراسیۆنێکی ھاوبەشی سەربازییان دەستپێکردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئۆپەراسیۆنەکە بە پشتیوانی ھێزی ئاسمانیی عێراقی و فڕۆکەکانی ھاوپەیمانان لە ناوچەکانی کوشافی سەروو و کوشافی خواروو ئەنجام دەدرێت بۆ پاککردنەوە و رووماڵکردنی ئەم ناوچانە لە پاشماوەکانی داعش و تیرۆریستان کە دەکەونە سنووری نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە ئۆپەراسیۆنەکە بەردەوامە.
ئەنجامدانی ئەم پۆپەراسیۆنە ھاوبەشە لە کاتێکدایە کە فەرماندە سەربازییەکانی ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق چەند کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە بە ئامانجی گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمەکانی پێکھێنانی دوو لیوای ھاوبەش بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنیی لە ناوچە کێشەلەسەرەکان.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە