پەیامی کورد ... بە ئامادەبوونی سەدان كەسایەتیی جیهانی، نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوێندی یاسایی دەخوات، هەر ئەمڕۆش مەسروور بارزانی رادەسپێردرێت تا كابینەی نوێی حكوومەت پێكبێنێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە پرۆتۆكۆڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بڵاو کراوەتەوە ، ئەمڕۆ لە هۆڵی شەهید سەعد عەبدوڵڵا، سەعات ١١ی پێشنیوەڕۆ مەراسیمی سوێندخواردنی یاسایی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەڕێوهدەچێت، هاوكات مەسروور بارزانیش وەك كاندیدی پارتی بۆ سەرۆكوەزیرانی هەرێم رادەسپێرێت، تا كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم پێكبێنێت.
هەریەكە لە وەزیرانی دەرەوەی توركیا و ئێران و ١٢٠٠ كەسایەتیی دیپلۆماسیی جیهانیش لە ئاستە جیاوازەكان، بەشداری مەراسیمەكە دەبن، هەر بەپێی زانیارییەكانی پرۆتۆكۆڵ، سەرەتا سەرۆك مەسعوود بارزانی گوتارێك دەخوێنێتەوە، دواتریش لە لایەن پەرلەمانەوە بڕگە و ماددە یاساییەكان دەخوێندرێنەوە، لە كۆتاییشدا نێچیرڤان بارزانی سوێندی یاسایی دەخوات، هاوكات هەر ئەمڕۆش كاندیدی پارتی مەسروور بارزانی رادەسپێرێت بۆ ئەوەی لە ماوەی ٣٠ رۆژدا كابینە نوێیەكەی پێكبێنێت.
هاوكات میدیا ناوخۆیی و جیهانی و عەرەبییەكان لە هۆڵی شەهید سەعد ئامادەن و بە گرینگییەوە رووماڵی پرۆسەكە دەكەن، كە دوو شوێنی تایبەت و لە رێی دوو شاشەوە بۆیان دابین كراوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە