پەیامی کورد … فەرانسا هێرش بۆ سەر هێزی پێشمەرگەی مەحکووم کرد
کۆنسوڵخانەی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر لەباری هێرشەکەی سەر پێشمەرگە لە چیای مەتینا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "لەکاتێکدا هێزەکان پێشمەرگە لە ئەرکی خۆیاندابوون هێرشیان کراوەتەسەر، دەشڵێت، "پێشمەرگە هێزی دەستووری هەرێمی کوردستانن و هاوپەیمانیی ئێمەن لە دژی گرووپی چەکداری داعش".
ئۆلیڤەر دیکۆتینگنیس کۆنسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوەکردووە، هێزەکانی پێشمەرگە هێزی یاسایی هەرێمی کوردستانن و لەچوارچێوەی هێزی فیدڕاڵی حێراقدا کاردەکەن، هێرشکردنەسەر پێشمەرگە رەتدەکەینەوە و سەرکۆنەی دەکەین.
کونسوڵی فەرەنسا سەرەخۆشی لەقوربانیانی رووداوەکە کردووە و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکانیش خواستووە.
ئەمەش دوای ئەوە دێت، رۆژی ٥ی ئەم مانگە، لە چیای مەتینای سنووری قەزای ئامێدی، هێرشیکرایەسەر ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی پێشمەرگە و پێنج پێشمەرگە شەهیدبوون و هەشتی دیکەش برینداربوون.
لەبارەی هێرشەکەی سەر هیزەکانی پێشمەرگەوە، وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، هێزێکی پێشمەرگە لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکێکی سەربازی لە چیای مەتینیای سەر بە قەزای ئامێدی، بە مەبەستی پاراستنی خەڵک و گوندەکانی ئەو ناوچەیە و گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ ناوچەکە، لەلایەن هێزێکی پەکەکەوە بۆسەیەکیان بۆ دانراوە .
لەبەرامبەریشدا، دوێنی یەکشەممە، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل – هەپەگە رایگەیاند، ئەو ئۆتۆمبێلە سەربازییەی رۆژی ٥ی ئەم مانگە لە چیای مەتینا کراوەتە ئامانج، لەلایەن گەریلاکانی پەکەکەوە نەبووە و داوا دەکەین لیژنەیەکی سەربەخۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکات.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە