فێستیڤاڵی نەورۆز و ئازادی لە هەولێر دەستپێدەکات

فێستیڤاڵی نەورۆز و ئازادی لە هەولێر دەستپێدەکات

پەیامی کورد... فێستیڤاڵی نەورۆز و ئازادی لە هەولێر دەستپێدەکات

بە بۆنەی ٣١ ساڵەی ئازاد بوونی شاری هەولێر، بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ فێستیڤاڵی ئادار و نەورۆز ساز دەکرێت، کە لە ١١ی ٣ دەست پێدەکات و ئێوارەی ڕۆژی ٢٠ی ٣ بە کردنەوەی ئاگری نەورۆز کۆتایی دێت.

لەو بارەیەوە ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، لە ڕۆژی هەینییەوە ڕۆژی ئازادکردنی شاری هەولێر بە چالاکییەکانی دوازدەمین فێستیڤاڵی نەورۆز و ئازادی دەست پێدەکەن، کە ماوەی چەند ساڵێک بوو نەتوانرابوو بەهۆی پەتای کۆرۆنا و قەیرانی داراییەوە ئەو چەند فێستیڤاڵە ئەنجام بدرێت.

وتیشی، ٢٣ چالاکی لەو ڕۆژانەدا ئەنجام دەدرێن و ٢ هەزار و ٥٠٠ کەس و کەسایەتی و هونەرمەند بەشداری لەو فێستیڤاڵەدا دەکەن و لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر هەموو قەزا و ناحیەکان چالاکییان دەبێت، چاوەڕوان دەکرێت ژمارەیەکی بەرچاوی گەشتیارانیش بگەنە کوردستان.

بەپێی بەرنامەی فێستیڤاڵەکە لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ئاهەنگەکانی نەورۆز و ئازادی، پەیکەری شەهید خەجە باوە وەک سیمبولی شەهیدانی ڕاپەڕینی شاری هەولێر لە پارکی شار دادەنرێت و لە ڕۆژانی فێستیڤاڵەکە ٦ پێشانگای جۆراوجۆر و دەکرێنەوە و سێ ئاهەنگی بەستە و مەقام ساز دەکرێن، هەروەها لە ڕۆژانی دواتریشدا ماراسۆنی کچان و فێستیڤاڵی منداڵان و شانۆگەری سەرشەقام ئەنجام دەدرێن.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە