فراکسیۆنی پارتی: داوا دەکەین دانیشتنێکی پەرلەمان تایبەت بکرێت بە بارودۆخی قوتابیان

فراکسیۆنی پارتی: داوا دەکەین دانیشتنێکی پەرلەمان تایبەت بکرێت بە بارودۆخی قوتابیان

پەیامی کورد … فراکسیۆنی پارتی: داوا دەکەین دانیشتنێکی پەرلەمان تایبەت بکرێت بە بارودۆخی قوتابیان

ئەمڕۆ، سێشەممە 23/11/2021، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕایگەیاند کە داوا دەکەن دانیشتنێکی پەرلەمان بە ئامادەبوونی هەردوو وەزیری دارایی و وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تایبەت بکرێت بە قسەکردن لەسەر گرفتی دەرماڵەی قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگاکان.

 زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان گوتی: ''نابێت بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ قوتابیان بکرێت و دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەکان و هەموو کایە سیاسییەکانی ئەم کوردستانە گوێ لە داواکاریی قوتابیان بگرن'' و ڕایشیگەیاند: ''هەڤاڵانمان لە لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی پەرلەمانی کوردستان لە چوارچێوەی ئەرکە پەرلەمانییەکانیاندا بەدواداچوونی وردیان کردووە بۆ ئەوەی بتوانن دەرماڵەی قوتابیان بگەڕێننەوە''.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ڕوونیشی کردەوە: ''وەکوو فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمان دوێنێ یادداشتێکمان بە ئیمزای 50 پەرلەمانتار و بە هاوکاریی بەشێک لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکانی دیکەی پەرلەمان پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی بەپێی ماددەی 66ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دانیشتنێکی پەرلەمان بە ئامادەبوونی هەردوو وەزیری دارایی و وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تایبەت بکرێت بۆ قسەکردن لەسەر گرفتی دەرماڵەی قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگاکان''.

سەبارەت بە پەیدابوونی گرژی لە خۆپیشاندانی قوتابیاندا لە سلێمانی، زانا مەلا خالید جەختی لەوە کردەوە کە ''لیژنەکانی مافی مرۆڤ و خوێندنی باڵا و لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانمان ڕاسپاردووە بەدواداچوونی ورد بکەن لەسەر هۆکارەکان و شێوازی پەیدابوونی گرژییەکان و هەرلایەک دەستی لەو گرژییانەدا بووبێت، ڕووبەڕووی ئیجرائاتی یاسایی بکرێتەوە''. 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە