پەیامی کورد ... جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەینێت: "شەڕی ئێمە زۆر گەورەترە لە نەوت و بودجە و لەو شتانە، ئێمە شەڕێكی نەتەوەیی دەكەین، هەروەها بە درێژایی ساڵ شەڕ لەگەڵ عەقڵییەتێكدا دەكەین لە بەغدا، كە ددان بە كورددا نانێت".
دكتۆر بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: "فەرمانبەران و مووچەخۆران و پێشمەرگە مافی خۆیانە داوای شایستە داراییەكانی خۆیان و مووچە بكەن، بەڵام دەبێت ئێمە بزانین لە بەغدا داواكارییەكانی ئێمە تەنیا مووچە نییە، بگرە شەڕی خاكە، شەڕی ئێمە زۆر گەورەترە لە نەوت و بودجە و لەو شتانە، ئێمە شەڕێكی نەتەوەیی دەكەین".
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ئێمە بە درێژایی ساڵ شەڕ لەگەڵ عەقڵییەتێكدا دەكەین لەبەغدا، كە ددان بە كورددا نانێت، ئەو كێشانەی كە ڕابردوو بووە هۆی فرۆشتنی نەوتی خۆمان، ئەوە تەنیا بۆ ئەوە بووە كەوا ئێمە هەرێمی كۆردستان بپارێزین لە هەیمەنەتی بەغدا، كە لە ماوەكانی ڕابردوودا چەندین بڕیار و رێكاری دژ بە هەرێمی كوردستانیجێبەجێ دەكرد، بۆیە گەرەنتی نەبوو كە دیسان بەغدا سیاسەتێكی تووند و سێنتراڵ دژی ئێمە بەكار نەهێنێت".
حەداد، لە بەشێكی قسەكانیدا ئاماژە دەدات: "بۆ ئەوەی ئەو زوڵمانەی كە عێراق لە ئێمەی كردووە دووبارەیان نەكاتەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان بڕیاریان دا نەوت بیفرۆشن، كە هیچ نایاسایی نییە هەرێمی كوردستان نەوتی خۆی بفروشێت بودجەی خۆی دابین بكات".
بە ووتەی د. بەشیر: "عێراق هەموو مافێكی كوردستانی لە بوودجە و پارەی پڕۆژەكان و نەفەقاتی حاكیمە دابین نەدەكرد، بۆیە هەرێمی كوردستان ناچار بوو و بڕیاری دا نەوتی خۆی بفرۆشێت، بۆ ئەوەی بودجەی خۆی دابین بكات، ئێستاش ئەگەر بزانین هەموو مافە داراییەكان و مافە ئابوورییەكانی خۆمان بۆ دابین بكات، ئێمە بۆ ئەو بارە قورسە دەخەینە سەر ملی خۆمان، فەرموو با نەوتەكە بفرۆشن و حەقەكەی خۆمان بداتێ، ئێمە دەمانەوێت بژین وەك هەموو میللەتێك لە عێراق بێ جیاوازی، بەڵام كە ئەو مافەمان نییە و ئەو مافانەی لە 2003ـوە لێمان زەوت كراوە و ئەو شەراكەتە و تەوافوقەی كە هەبووە، ئەمە نەكرا، بەڵكوو بەشی ئێمە لەو تەوافوقە تەنیا زوڵم و زۆرداری و كوشتن و ئەنفال و زیندان و كیمیاباران و زیندەبەچاڵ و ئەنفالكردنی 180 هەزار كەس بوو، بۆیە پاش 2003 ئێمە چاوەرێ بووین ئەمانەمان لەسەر لابچن و شتێكی دیكە بێتە گۆڕێ و مافمان بدرێتێ، بەڵام مافەكانمان نەهاتنە دی".
دەشڵێ: "ئەگەر ئەم نەوتە ڕادەست بكرێتەوە، پێویستە حكوومەتی بەغدا هەموو شایستە داراییەكانمان بداتێ و هەموو قەرزی كۆمپانیا نەوتییەكانیش بدات، كە چەند ساڵە لە هەرێمی كوردستان كاریان كردووە، ناشكرێ بەغدا هەموو شایستە داراییەكانی كۆمپانیا نەوتییەكان نەدات، بۆیە هەرێم ناچارە ئەم شتە بكات، لەناو یاسای بودجەی 2019ـیشدا جێگیر كراوە، بۆیە ئەگەر نەوت ڕادەست بكات مامەڵەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان چۆن بێت و ئەگەر ڕادەستی نەكات چۆن بێت، كەواتە ئەگەر نەوتیش ڕادەست نەكات، ئەمە شتێكی یاساییە و ئەوكات بەغدا هەڵدەستێ بە بڕینی بڕێك بودجە لەو 250 هەزار بەرمیل نەوتەی كە دانراوە، بەڵام شایستە داراییەكانی فەرمانبەران و پێشمەرگە و ئەو بەشە میزانیەیەی كە بۆ گەشەپێدانی پارێزگاكان تەرخان كراوە، دەبێت خەرج بكرێت".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە