تائێستا زۆربەی ئەو كۆمپانیایانەی كە قەرزیان لە حكومەتی هەرێم وەگرتووە، قەرزەكانیان نەداوەتەوە، سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لەپەرلەمانی كوردستانیش رایدەگەیەنێت: ئەركی حكومەتی هەرێمە بەخێرایی ئەو قەرزە وەربگرێتەوە، ئەگەر كۆمپانیاكانیش ملیان نەدا، دەست بەسەر هەموو موڵك و ماڵی گواستراوەو نە گواستراوەیاندا بگرێت.
د.عیزەت سابیر سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لەپەرلەمانی كوردستان، راگەیاند: حكومەتی هەرێم نزیكەی 700 ملیۆن دۆلار قەرزی لەلای كۆمپانییەكان هەیە، كە تائێستا نەیانداوەتەوەو لەبەرامبەردا بارمتەیان داناوە.
وتیشی:” ئەو لیژنانەی بارمتەی كۆمپانیاكانیان خەمڵاندووە، لەبەرژەوەندی خاوەن كۆمپانیاكان فێڵیان تێدا كردووە، بۆیە كۆمپانیاكانیش ئیستیغلالی ئەو دۆخە دەكەن”.
روونیشیكردەوە، كۆمپانیا هەیە 100 ملیۆن دۆلاری لەحكومەت قەرزكردووە، بەڵام بەهای ئەو موڵكەی وەك بارمەت دایناوە، ناگاتە 10 ملیۆن دۆلار، بۆیە ئێستا كە حكومەت داوای قەرزەكەی دەكاتەوە، خاوەن كۆمپانیاكە دەڵێت بڕۆ لەدادگا سكاڵا تۆمار بكەو موڵكەكە ببە بۆ خۆت، من قەرزەكە نادەمەوە.
سەبارەت بەهەنگاوی حكومەت بەرامبەر بەكۆمپانیا قەرزارەكان، د.عیزەت سابیر رایگەیاند: “ئەركی حكومەتی هەرێمە زۆر بەخێرایی ئەو قەرزەیان لێوەربگرێتەوە، سەرەتا وادەیەكیان بۆ دابنێت، ئەگەر ملیان نەدا، دەست بگرێت بەسەر هەموو موڵك و ماڵە گواستراوەو نەگواستراوەیان”.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە