هەڤاڵ ئەبوبەكر “نامەیەكی بەپەلە” ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی كرد و لە سەر دۆخی هەرێم هۆشداری داوە.

هەڤاڵ ئەبوبەكر “نامەیەكی بەپەلە” ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی كرد و لە سەر دۆخی هەرێم هۆشداری داوە.

هەڤاڵ ئەبوبەكر “نامەیەكی بەپەلە” ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت‌ و قوباد تاڵەبانی جێگری كردووە، كە تێدا لەبارەی دۆخی هەرێم هۆشداری داوە.
هەڤاڵ ئەبوبەكر، كە پۆستی پارێزگاری سلێمانی هەیە، سەبارەت بە نامەكەی دەڵێت: “دوای دەستبەكاربوونمان وەك پارێزگاری سلێمانی، لە ناو ناڕەزایەتیی‌و داخوازییە جەماوەرییەكانی مانگی دوانزدەی ساڵی 2017دا، پاش چەند كۆبوونەوەیەكی دڵسۆزانەی بەرپرسانەی لیژنەی ئارامی پارێزگای سلێمانی، لە دوای چەندین كۆبوونەوەمان لەگەڵ خەڵك و لایەن و ڕێكخراوو دامودەزگاكاندا، ئەم نامەیەمان وەك نامەیەكی (بەپەلە)، لەڕۆژی 22/12/2017دا، پێشكەش بە بەڕێزان سەرۆك و جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كرد”.
هەڤاڵ ئەبوبەكر دەشڵێت: “سێ مانگی تەواو بەسەر ئەو ڕۆژەدا تێدەپەڕێت، بۆ دڵنیاكردنەوەی هەموولایەك لەهەوڵە بەردەوامەكانمان و كاركردنمان بۆ چارەسەری قەیرانەكان، بەپێویستی دەزانین، وەكو خۆی بیخەینە بەر دەستی هەموو هاووڵاتیان، تا بتوانین هەموومان بەیەكەوە، هەڕەشەو مەترسییەكان، هەل‌و دەرفەتەكان، بەلۆژیكی تاوتوێ بكەین‌و وڵاتەكەمان لە كەناری كەوتن دەربازبكەین، دەخوازین هەرچی زووە كێشەی موچەو بودجەو نەوت لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندیدا چارەسەربكرێن و چیتر هاووڵاتیان باجی هەڵەو ململانێی سیاسیی لایەنەكان نەدەن”.
دەقی نامەكە: 
نامەیەكی بەپەله
 بۆ بەڕێزان:
– سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان.
– جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان.
بەناوی خودای كاربەجێ
بارودۆخی ئێستا، بارودۆخێكی نا ئارامی نا جێگیری قەیراناویی ئاڵۆزو ئاڵۆزكێنراوو مەترسیدارە‌، ڕەنگدانەوەی قەیران و كێشە چارەسەرنەكراوەكانی ٢٦ ساڵی ڕابردووە.
دۆخێكە لە ئەنجامی شكستهێنانی مۆدێلی بە حیزبیكردنی دامودەزگای دەوڵەتیی و گۆڕینی هاووڵاتیی بۆ ئاوارەو میوانی ماڵی خۆی و كارمەند بۆ كادیرو بەسەربازگەكردنی كۆمەڵگا و تێكدانی تەون و ئاسایشی كۆمەڵایەتیی و چەسپاندنی مۆدێلی ئەمنیی و بەهەدەردانی سامان و داهاتی گشتییەوە‌ سەرچاوەی گرتووە.
متمانەو پابەندیی و یەكترتەواوكردن؛ لە نێوان هاووڵاتیی و دەسەڵاتداران و دامودەزگاكاندا لە نزمترین ئاستیاندان‌، خزمەتگوزاریی و پێداویستییە سەرەكییەكانی ژیان، دەرەتان و موچەو جوڵەی بازاڕو دەرفەتی كارو سەرمایەگوزاریی و بودجەی پڕۆژەكان، لەخراپترین ڕادەی خۆیاندان.
لە دوای 16ی تشرینەوە، كوردستان وەك ئۆردوگایەكی پەناهەندەیی ئابڵوقەدراو لەسەر خاكی خۆی دەردەكەوێت، چواردەوری سنورە فیدراڵییەكەی گڕیگرتووەو بەهۆی نەبوونی هێزو سوپاو ئیرادەیەكی هاوبەشی نیشتمانییەوە، 52%ی ئەم هەرێمەمان لە دەستداوە، متمانە لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا ونبووەو پەیوەندیی حیزب بە حكومەتەوە لە پەیوەندییەكی تەواوكاریی پشتیوانگەراوە، بۆ پەیوەندییەكی جیاكارییانەی دوژمنگەرا، گۆڕاوە.
ململانێی لایەنە سیاسییە سەرەكییەكان لەگەڵ یەكتر لەلایەك، لەناو هەر لایەنێكیشدا بۆ خۆی لەلایەكی دیکەوە، هەمووشیان لەگەڵ حكومەت و دامودەزگا حكومییەكاندا لە لای سێیەم و، كۆی ئەمانەیش لەبەرامبەر خواست و پێداویستیی و ویستەكانی خەڵكدا، لە بەریەككەوتن و زۆرانبازیدان.
كەمتەرخەمیی كابینە یەك لەدوای یەكەكانی حكومەت، قۆرتەكانیان بە تەواوەتی لەم كاتەدا دەركەوتوون، تا ئەو ڕادەیەی حكومەت و حیزبەكان وەك بارێكی گران بەسەر ژیانی خەڵكەوە دەبینرێن نەك وەك پارێزەرو ڕێكخەرو ئیدارەدەری ژیانی گشتیی.
ستەم و بێدادیی، نەبوونی سزاو پاداشت، گوێنەگرتن لە داواكانی خەڵك، بێباكیی لە مامەڵەكردندا، بڕسكی لە جوڵەی ئۆرگانیی و دیالێكتیكیی خەڵك و حكومەت بڕیوە، تا ئەوەی خەڵك و حكومەت وەك دوو هێزی بەرامبەر بەیەك دەربكەون نەك هاوسەنگەری یەكتر.
سێكتەرەسەرەكییەكانی وەك پەروەردەو فێركردن و خوێندنی باڵاو تەندروستیی و پۆلیس و ئاسایش و كشتوكاڵ، فەرامۆشكراون، متمانە بە بانك و سیستمی دارایی و ماڵیی نەماوە، بیمە لە هیچ سێكتەرێكدا نییەو هاووڵاتیان لە هەر سێكتەرێكدا دووچاری ڕوداوێك ببن، دەفەوتێن.
حكومەت وەك سەرچاوەی قەیرانەكان نەك چارەسەركەری قەیرانەكان وێناكراوە، بێكارەبایی و بێئاویی و بێسوتەمەنیی و بێدەرەتانیی، خوێندن و پەرەپێدان و هەموو ئەرك و ئامانجە تایبەتیی و گشتییەكانی خەڵك، كەوتونەتە ئەستۆی خەڵك خۆی، موچەی هاووڵاتیان ئەوەندە كەمكراوەتەوە كە هەڕەشەی جدیی بۆ ئاشتیی و كاسەی ماڵ و ئاسایشی كۆمەڵایەتیی و ئارامیی تاكیش دروستكردووە، لەبەرامبەردا باج و ڕسومات و گومرگ و سزاكان ئەوەندە زیادیانكردووە لە توانستی هەژارو دەوڵەمەندانیشدا نەماون، لەهەمانكاتیشدا ئەم داهاته ناوخۆییانە بۆ خزمەتگوزارییەكان وەك پێویست خەرجناكرێنەوەو بەشی زۆریان دەڕژێنەوە خزمەتی كەسی ناو حیزبە دەسەڵاتدارەكان، یان هەر تەنها ئەوان مافی‌ خەرجكردنیان هەیە بۆ خزمەتی گشتیی.
هەموو ئەمانەو‌ زۆرێك لەوانیشی لێرەدا نەنووسراون، بونەتە (هۆكار) بۆ بارودۆخی ئێستا.
خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان (ئەنجام)ن، ئەنجامی شكستی سیستمی حیزبیی و حكومیی و كۆمەڵایەتیی و ئابووریی و فەرهەنگیی وڵاتن، هاووڵاتیان و خۆپیشاندەران و مێدیاكان و دامەزراوە حكومییەكان قوربانین، قوربانیی ململانێی ناڕەوای لایەنە سیاسییەكان و باڵ و ئۆرگان و كەسە دەستدرێژەكانی ناو هەموو لایەنەكانن.
هەرێمی كوردستان و یەكە كارگێڕییەكانی ئێستا لەبەردەم پێنج هەڕەشەی جدیدان:
1-بەریەككەوتنی هێزە چەكدارەكان و خۆپیشاندەران.
2-بەرپابوونی شەڕی ناوخۆ.
3- دوو ئیدارەیی تا ڕادەی دوو هەرێمی.
4- گەڕانەوەی دەسەڵاتی ئیتحادیی.
5-فەرزكردنی هێزی سەربازیی یەكێتیی و پارتیی لە ناوچەكانی خۆیاندا.
لە ئێستادا؛ بەناچاریی باشترینی خراپەكان كە خاڵی پێنجەمیانە، پەیڕەوكراوە بۆ ماوەیەكی كاتیی، ئەگەر بەخێرایی چارەسەری ڕیشەیی بۆ داخوازییە ڕەواكانی خەڵك نەدۆزرێتەوەو هەنگاوی خێرا بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخەكەو ئاشتكردنەوەی دامودەزگاو هێزەكان لەگەڵ خەڵك نەكرێت كە لە ئێستادا بریتین لە:
یەكەم، هەنگاوە ئەمنییەكان:
1-نەهێشتنی توندوتیژیی لە هەموو لاكانەوە.
2-ئازادكردنی گیراوەكان.
3- بردنەدەرەوەی هێزە سەربازییەكان لە شارەكاندا.
4-كردنەوەی كەناڵە ڕاگەیاندنە ڕاگیراوەكان.
5- پاراستنی ناڕەزایەتییە مەدەنییەكان.
6-گفتوگۆی جدیی لە نێوان خەڵك و حكومەتدا.
7- دادگایكردنی تەقەكەران.
دووەم: هەنگاوە ژیانیی و خزمەتگوزارییەكان:
1- حكومەت داهاتەكانی خۆی بەڕونیی ئاشكرابكات و ڕێ لە بە فیڕۆچوون و بۆ كەس و لایەن بردنی داهاتی خەڵك و نیشتمان بگرێت.
2- دابینكردنی موچەی‌ موچەخۆران بەبێدواكەوتن.
3-دیاریكردنی پاشەكەوتی موچەی موچەخۆران و بەكارهێنانی بۆ خەرجییە دەوڵەتیی و بانكییەكان.
4-پاككردنەوەی لیستی موچەخۆران.
5- دابینكردنی نەوتی سپی و دابەزاندنی نرخی سوتەمەنیی بەگشتیی.
6- باشكردنی كارەبای نیشتمانیی و هاندان و كۆمەككردنی موەلیدەی گەڕەكەكان لە بەرژەوەندیی خەڵك.
7- دابەشكردنی زەوی نیشتەجێبوون و ئەو یەكانەی تەواوبوون و دابەشنەكراون، تاپۆكردنی زەوییە بێتاپۆكان بەقازانجی خەڵك.
8-كەمكردنەوەی باج و ڕسومات و غەرامات و گومرگ بەشێوەیەك ببێتە هۆی جوڵانەوەی بازاڕ.
9- دامودەزگا حكومییەكان خزمەتكاری خەڵك بن نەك بەپێچەوانەوە.
10-بوژاندنەوەی پڕۆژە وەستاوەكان و هاندانی كەرتی تایبەت.
11-لابردن و قەدەغەكردنی سەرانەو گومرگی شوێنە نا یاساییەكان.
12- كاراكردنی مەرزە نێودەوڵەتییەكان و هاندانی بازرگانەكان.
سێیەم: هەنگاوە سیادییەكان:
حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆی لە نێوان ئەم گریمانانەدا بەخێرایی یەكلابكاتەوە:
1-حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەدای حوكمڕانیی خۆی باشبكات و متمانە لە نێوان خۆی و خەڵكدا دروستبكاتەوە.
2- حكومەتی هەرێمی كوردستان، دۆخی چەقبەستووی خۆی ڕابگەیەنێت و ئەو داهاتەی دەستی دەكەوێت لە موچەو پێداویستییە سەرەكییەكاندا خەرجیبكات، وەك حكومەتی كاربەڕێكەر خۆیبناسێنێت تا ڕۆژی هەڵبژاردن، بەزوترین كاتیش ڕۆژی هەڵبژاردن دیاریبكات و هەڵبژاردنێكی بێگەرد لە كاتی دیاریكراودا بكرێت.
3-حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕێگای بەغدا بگرێتەبەرو كێشەكانی خۆی لەگەڵ ئەوێدا بەخێرایی چارەسەربكات، بەتایبەتیی‌ كێشەكانی موچەو بودجەو خزمەتگوزارییەكان.
4-حكومەتی هەرێمی كوردستان، داوا لە پارێزگارەكانی هەرێمی كوردستان بكات، دەستەیەكی داكۆكیكردن لە خەڵكی كوردستان پێكبهێنن و كێشەی پارێزگاكانیان بە میكانیزمی فیدراڵیانەو چارەسەری ئیتحادییانە لەگەڵ بەغدادا چارەسەربكەن.
5- حكومەتی هەرێمی كوردستان، داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بكات، هەرێمی كوردستان بخەنە ژێر چەترێكی نێودەوڵەتییەوە.
بە پێچەوانەوە، ئەگەر بەخێرایی بە دەم چارەسەركردنی كێشەو قەیرانەكانەوە نەچین ئەوا:
1-هەموو سێكتەرە خزمەتگوزاریی و ئابووریی و دارایی و ئیداریی و یاسایی و كۆمەڵایەتییەكان دەوەستن.
2-هەیمەنەی سەربازیی- حیزبیی، لە شارەكاندا بەردەوامدەبن، مانایەك بۆ دامودەزگا حكومییەكان و خەباتی مەدەنیی و سەروەریی یاسا نامێنێتەوە.
3-بەریەككەوتن و توندوتیژییەكان كە سەرچاوەیان لە برسێتیی و نادادیی و بێموچەیی و بێكاریی و بێدەرەتانیی و شكستی مۆدێلی حیزبیی – ئەمنییەوە نەك دەوڵەتیی – مەدەنییەوە، گرتووە؛ زیاتر دەبن.
4-دۆخەكە بەرەو بەریەككەوتن و شەڕی ناوخۆ و شەڕی كۆمەڵایەتیی دەچێت، ئاسایشی كۆمەڵایەتیی و سیاسیش دەكەونە بەر هەڕەشە.
5-هەرێمی كوردستان دەكەوێتە بەر مەترسیی دوو ئیدارەیی و دوو هەرێمییەوە.
6- دەسەڵاتی ئیتحادیی دەگەڕێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان و كیانێك بەناوی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە نامێنێت.
بەنوێنەرایەتیی هەموو خەڵكی پارێزگاكەم، كە لەگەڵ نوێنەرانی بەشی هەرە زۆریاندا كۆبوومەتەوە، ئەم نامەیەم خستە بەردەستان، دەخوازم بە هێزی لۆژیك و هەنگاوی خێراو بوێرانە، هیواو دادو ئازادیی و ئاشتیی و بژێویی و ژیان و ئاوەدانیی و ئارامیی و ئاسایش و متمانە و سەروەریی یاسا؛ بۆ نیشتمان بگەڕێننەوە.
چاوەڕوانی وەڵام و هەنگاوتانین.
لەگەڵ ڕێزدا..
د. هەڤاڵ ئەبوبەكر
پارێزگاری سلێمانی
22/12/2017
سلێمانی

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە