پەیامی کورد... هۆكاری زۆربوونی ژمارەی سەربازانی ئەمەریكا لە عێراق و دەوروبەری ئاشكرا كرا
ماتیۆ مەکفەرلەین فەرماندەی پێشووی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانیدا زانیاریی سەبارەت بە هۆكاری زۆربوونی ژمارەی سەربازانی ئەمەریكا و ئەو دەنگۆیانەی لەمبارەیەوە بڵاو كراونەتەوە خستە روو.
چەند رۆژێكە لە میدیاكان چەند لێكدانەوە و زانیارییەك سەبارەت بە زیادبوونی جوڵەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و دەوروبەری و زۆربوونی ژمارەی سەربازەكان دەخرێتە روو و هەندێکیان پێیانوایە کە ئەمهریکا هێرش دهكاته سهر گرووپە ملیشیاکان، هەندێکیشیان دەڵێن کە رەنگە شەڕ لە نێوان ئەمهریکا و ئێران روو بدات، لەمبارەیەوە مەكفەرلەین وەڵام دەداتەوە.
كەناڵی (كوردستان 24) بڵاوی كردووەتەوە كە پەیامنێرێكی كەناڵەكە پرسیارەكەی ئاراستەی ماتیۆ مەکفەرلەین كردووە و ئەویش لە وەڵامدا رای گەیاند: "منیش ئەم دەنگۆیانەم بيستووه، ئەم دەنگۆیانە مایهی خەمبارییه، ئێمە (هێزەکانی هاوپەیمانان) نۆ ساڵە لێرەین، هەموو ساڵێک لە نێوان (شەش بۆ نۆ و 12 مانگ) ئاڵوگۆڕ بە یەکە سەربازییەکانمان دەکەین، له ئێستادا لە ناوەڕاستی ئەم ئاڵۆگۆڕییەداین، ئەمە چالاکییەکی رۆتینی ئاساییە و یەکە و کەلوپەلی نوێ دەهێنین و بڵاوەیان پێدەکرێت و یەکە کۆنەکە بۆ ماوەی هەفتەیەک یان دوو بمێنێتەوە بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە ئەرکەکان بەشێوەکەی پڕۆفێشناڵ جێبەجێ دەکرێن.دواتر ئەم یەکانە و کەلوپەلەکانیان دەگەڕێندرێنەوە."
گوتیشی: "ئەمە کارێکی رۆتینییە و بەڵێنمان بە سەربازکانمان و خێزانەکانیان داوە، دڵنیابینەوە لەوەی سەربازەکانمان ناهێنین بۆ ئەوەی چەندین ساڵ لێرە بمێننەوە. نۆ مانگ بۆ دوازدە مانگ وەک پابەندییەک بۆ هەرێمی کوردستان و خەڵکی عێراق لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دەمێننەوە. ئەم ئاڵوگۆڕییەی یەکەکان پێویستە، بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە هێزەکانمان بێزارنابن و دەتوانن پەیوەندی بە خێزانەکانیان بکەنەوە. بێگومان خێزانهکانیشیان، وەک ئێوە و خەڵکی عێراق مافیان بەسەر ئەم سەربازانەوە هەیە. لە مانگی سێ راگەیهندراوێکی تایبەت سەبارەت بەم ئاڵوگۆڕییەی یەکانە لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە بڵاوکرایەوە."
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە