هەڵمەتێکی گەورەی یەک هەفتەیی بۆ پاک و خاوێنی ژینگە لە لایەن نێچیرڤان بارزانییەوە ڕاگەێندرا

هەڵمەتێکی گەورەی یەک هەفتەیی بۆ پاک و خاوێنی ژینگە لە لایەن نێچیرڤان بارزانییەوە ڕاگەێندرا

پەیامی کورد  ...   لەبارەی ژینگەی کوردستان و بەئامانجکردنی وەکو بەشێک لە پرۆسەی لەناوبردنی کورد و کوردستان لەلایەن رژێمی پێشووی عێراق، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان  ڕایگەیاند : " سرووشت و خاک و ئاو و هەوای ئەم وڵاتە بە رێکخراوەیی بە شێوەی سیستەماتیک رووبەڕووی تێکدان، سووتاندن سڕینەوە و لەناوبردن بووەتەوە، هێرش و شاڵاوەکان نەوەک تەنیا خەڵک، بەڵکو زۆر بە ووردی ژینگەی کوردستانیشیان لەناوبردووە، هەرچی لەدەستیان هاتبێت قسووریان لێ نەکردووە، لە ئەنفالدا بە هەزاران گوندی کوردستان وێران کران و سەدان هەزار کیلۆمەتر زەوی و بە هەزاران کانیاو و رەز و باغ بە گازی ژەهراوی و بۆردوومانی فڕۆکە و پاشماوەی مین و تەقینەوە پیس کران، کە تائێستاش کاریگەریی خراپیان لەسەر ژینگە بەجێماوە و هۆکاری دەیان نەخۆشی ترسناک و لەدایکبوونی کەسانی شێواون".

لە مەراسیمی رۆژی ژینگەی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەڵمەتێکی یەک هەفتەیی راگەیاند بۆ پاککردنەوەی ژینگە و سرووشتی کوردستان .

لە ووتارێک لە مەراسیمەکەدا، نێچیرڤان بارزانی هەڵمەتێکی یەک هەفتەیی راگەیاند بۆ پاککردنەوەی ژینگە و سرووشتی کوردستان و داوای کرد هەموو تاکێکی کوردستان بەشداری لەو هەڵمەتەدا بکات.

 

نێچیرڤان بارزانی گوتی، "ژینگە بابەتێکی زۆر گرنگ و خەمێکی گەورەی جیهانییە. ئەمڕۆ تەنیا رۆژێکە بۆ یادکردنەوەی، بەڵام بەرپرسیارییەتی بەرامبەر ژینگە، ئەرکێکی هەمیشەییە. ژینگە، سەرەتا و ئاییندەی مرۆڤ و سەرچاوەی یەکەمی ژیانە، تاوەکو ژینگە پاکوخاوێنتر بمێنێتەوە، مەترسی لەسەر ژیان کەمترە".

 

پیسبوونی ژینگە لە جیهان بە مەترسی دادەنرێت، نێچیرڤان بارزانی لەمبارەیەوە ئاماژە بەوە دەکات "وێڕای هەموو هەوڵەکانی حکوومەت و ئاژانسەکان، هێشتا پیسبوونی ژینگە مەترسییەکی گەورەیە کە دەبێت چارەسەر بکرێت. جیهان پێویستی بە تێگەیشتنێکی باشتر و هەماهەنگییەکی زیاترە لەبارەی ئەو مەترسییە... ئەرکی هاوبەشی جیهانە ئەوە چارەسەر بکات".

لەدوای ئازادکردنی عێراق لە ساڵی 2003ـوە و بووژانەوەی هەرێمی کوردستان وەکو سەرۆکوەزیران باسی دەکات، "لە یەکەم دەرفەتدا حکوومەتی هەرێم هەزاران گوند و دێهاتی وێرانکراوی ئاوەدانکردەوە، ژیانی بۆ سەدان ناوچەی چۆڵکراو گەڕاندەوە و ژینگە و سرووشتی ژیاندەوە، گیانێکی تازەی بە کوردستان بەخشی. ئەوەی کراوە لە ئاستی خەونەکانماندا نییە، بەڵام ئەم کاروانە بەردەوام دەبێت و ئەوەی پێویستە دەزگاکان و هاووڵاتییان هەماهەنگی بکەن بۆ پاکڕاکردنی ژینگە... حکوومەت زۆر هەنگاوی ناوە: سەدان هەزار درەخت چێندراون، پارکی نیشتمانی دروستکراون بۆ پاراستنی باڵندە و گیاندارانی کێوی، هەروەها بۆ پرۆژەکانی پیشەسازی و نیشتەجێبوون رێنمایی دەرچووە بۆ زیادکردنی رووبەری سەوزایی و دواجاریش بڕیاری داخستنی چەندین پاڵاوگەمان داوە، کە یەکێکە لە  دیارترین هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە، بەڵام ئەمانە هەموویان بەس نین و نەمانتوانیوە وەکو پێویست ژینگە بپارێزین، ئەم ئەرکە بەبێ هاووڵاتیان جێبەجێ ناکرێت، دەبێت هاووڵاتیان خۆیان کولتوور و هۆشیاریی پاراستنی ژینگەییان هەبێت، دەبێت خۆیان بە خاوەنی ژینگە بزانن و بە هەموو دڵسۆزییەوە بیپارێزن و رێگە نەدەن ژینگە پیس ببێت و حکوومەتیش دەبێت رێکاری سزادانی سەرپێچیکاران تووندتر بکات".

نێچیرڤان بارزانی هەروەها رایگەیاند، "هەموو رێکارێک دەگرینەبەر بۆ ئەوەی ژینگە بپارێزین، دەبینە هەوڵێک لە هەوڵە جیهانییەکان بۆ پاراستنی ژینگە... هەموو هەوڵێک دەدەین، لە قۆناخی باخچەی ساوایان تاوەکو بنەڕەتی و زانکۆش باشترین هۆشیاری ژینگەیی لە پرۆگرامەکانی خوێندن جێگیربکەین، منداڵەکانمان بە باشترین شێوە فێری خۆشەویستی و پاراستنی ژینگەی کوردستان بکەین... دەبێت لە قۆناخەکانی داهاتوودا ریسایکلینگ باشتر بکرێت، سوود لە جێگرەوەی وەکو تیشکی خۆر و باو تەکنۆلۆژیای پاک و دۆستی ژینگە وەربگیرێت، بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل کەمبکرێتەوە و هەوڵی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بدرێت لە ئاییندەدا، هەروەها سیستەمی گواستنەوەی گشتی فراوانتر بکرێت و بەرەبەرە بخرێتە سەر وزەی پاک".

نێچیرڤان بارزانی روویکردە خەڵکی کوردستان و داوای کرد، "لە هەرکوێیەک پێمان کرا با دارێک، درەختێک، گوڵێک لە باخچەیەک، لە ئینجانەیەکدا بچێنین و وەکو هاوڕێی تەمەن لێی بڕوانین، چاومان لێی بێ تاوەکو گەورە دەبێت، ژینگەیەکی پاکتر و جوانترمان دەداتێ...  با هەموومان هەوڵبدەین کەمتر ئۆتۆمبێل و گاز و سووتەمەنی بەکاربهێنین، کە دارێک بڕدرایەوە، لەجێگەی ئەو دوو دار بڕوێنین، بەرپرسیارییەتی بەرامبەر ژینگە هیچ کاتێک کۆتایی نایەت و دەبێت خەم وئەرکی رۆژانەی هەموو تاکێکی ئەو وڵاتە بێت".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە