هەنگاو؛ لە شەش مانگدا ١٣ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران کوژراون

هەنگاو؛ لە شەش مانگدا ١٣ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران کوژراون

پەیامی کورد... هەنگاو؛ لە شەش مانگدا ١٣ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران کوژراون


بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣دا، لانی کەم ٢٠ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران گیانیان لەدەست داوە کە ١٣ کەسیان واتە ٦٥٪ی کۆی گشتیی حاڵەتەکان بەندکراوانی کورد بوون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، جگە لە ١٣ بەندکراوی کورد، لانی کەم ٤ بەندکراوی بەلووچ لە بەندیخانەکانی زاهیدان، زابۆل و گوڵستان گیانیان لەدەست داوە کە دەکاتە ٢٠٪ی هەموو حاڵەتەکان. هەروەها لانی کەم ٣ بەندکراوی خەڵکی گەچساران، کۆیەشت و تەورێز لەم ماوەیەدا لە بەندیخانەکانی ئێران گیانیان لەدەست داوە.

لە کۆی گشتیی ئەم ٢٠ بەندکراوە، لانی کەم ٤ بەندکراو لەژێر ئەشکەنجەی هێزە حکوومەتییەکاندا گیانیان لەدەست داوە و ٧ بەندکراویان بەهۆی نەخۆشی و دواکەوتنی گواستنەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گیانیان لەدەست داوە. سێ بەندکراوی دیکەش بە هۆکاری گوماناوی وەک ژاراویبوون بوون گیانیان لەدەست داوە. هەروەها لە شەڕ و تێکهەڵچوونی نێوان بەندکراوانی بەندیخانەکان ٤ بەندکراو کوژراون.

شایانی باسە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لانی کەم ٣ بەندکراوی سیاسی کە لە پەیوەندی بە بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" و لە شارەکانی بۆکان، زاهیدان و گەچساران دەستبەسەر کرابوون، لەژێر ئەشکەنجەی ناوەندە حکوومەتییەکاندا گیانیان لەدەست داوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە