هەواڵێکی خۆش بۆ ئەو کەسانەی کێشەی ڕەگەزنامە و پاسپۆرت و کارتی نیشتمانی عێراقیان هەبووە !!!

هەواڵێکی خۆش بۆ ئەو کەسانەی کێشەی ڕەگەزنامە و پاسپۆرت و کارتی نیشتمانی عێراقیان هەبووە  !!!

پەیامی کورد    ...   هەر دوو وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم و فیدراڵ لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی ڕەگەزنامەی ھەزاران ھاووڵاتیی ھەرێمی کوردستانەوە گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و بەڕێوبەری گشتی ڕەگەزنامەی ھەرێمیش دەڵێ، ئەوانەی تا ساڵی ٢٠٠٥ کێشەی ڕەگەزنامە و پاسپۆرتیان ھەبوو، چارەسەر کراوە.

لیوا ھێرش ئەحمەد، بەڕێوبەری گشتی ڕەگەزنامەی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: "وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری ناوخۆی عێراق ڕێک کەوتوون ئەو ھاووڵاتیانەی کێشەی ڕەگەزنامەیان ھەیە، چارەسەر بکرێت. بەپێی ڕێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا ھەموو ئەو ھاووڵاتیانەی ناویان لە تۆماری لاوەکیدا ھاتووە بەپێی ماددەی ١٤١ی دەستووری عێراق، بەغدا ددانی بە ڕەگەزنامەکانیاندا ناوە."

بەڕێوبەری گشتی ڕەگەزنامەی ھەرێم دەشڵێت: "ڕێکەوتنەکە تەنیا ئەو ھاووڵاتیانەی پێش ساڵی ٢٠٠٥ دەگرێتەوە، ھاووڵاتیان ئاگادار دەکەینەوە کێشەکەیان چارەسەر کراوە و دەتوانن ھەموو مامەڵەیەکی پاسپۆرت و ڕەگەزنامە و کارتی نیشتمانی بەبێ کێشە بەڕێوە ببەن."

لیوا ھێرش ئەحمەد جەختی کردەوە: "ھەوڵەکانمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕەگەزنامە و پاسپۆرت بەردەوام دەبێت و، بە ھەوڵی وەزیری ناوخۆ کێشەی ھەزاران کەس چارەسەر کراوە، چونکە بەپێی دەستووری عێراق مافیان ھەیە کار بە ڕەگەزنامەکانیان بکرێت، بەڵام ئاماری دروستمان لەبەر دەست نییە، کە لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان ژمارەیان چەندە، ھەرچەندە ژمارەیان زۆریشە."

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە